بارودۆخی نەتەوەکانی ئێران و کەمینە ئایینییەکان لە ژنێف تاوتوێ کرا

15:42 - 23 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆنفڕانسێک لە پەیوەندیی لەگەڵ بارودۆخی نەتەوەکانی ئێران و کەمینە ئایینییەکان لە ژنێف بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، کۆنفڕانسێک لە پەیوەندیی لەگەڵ نەتەوەکانی ئێران و کەمینە مەزهەبییەکان بە بەشداریی ئەحمەد شەهید، شیرین عیبادی، دیان عەلایی، ڕۆیا بروومەند، ناسر بۆلەیدەیی و چالاکانی مافی مرۆڤی کورد و ئێرانی لە شاری ژنێف بەڕێوە چوو.

لەو کۆنفڕانسەدا، شیرین عیبادی، چالاکانی مافی مرۆڤ و وەرگری خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، سەربارەت بە دۆخی نەتەوەکانی ئێران ڕایگەیاند: \"کوردەکان قوربانیانی سەرەکیی سیاسەتەکانی حكوومەتی ئێران بە ئەژمار دێن و ئاماری ئێعدام و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان ڕێژەیەکی بەرچاوە و بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە\".

لە بەشێکی دیکە ئەو کۆنفرانسەدا، تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران _ ژنێف، لە بەشێک لە قسەکانیدا، پرژایە سەر بارودۆخی کۆڵبەران و ڕایگەیاند: \"ئاماری کوژرانی کۆڵبەران ڕووی لە زیادبوون کردووە و تەقینەوە مینە چێندراوەکانیش بە بەردەوامی گیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە\".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕاگەیاند: \"پێشتر ئاماری ئێعدام کردنی هاووڵاتییان لە ئێران بۆ کوردەکان تەرخان کرابوو و لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا، ٧٤ هاووڵاتیی کورد ئێعدام کراون\".

ڕۆیا بروومەند لەو کۆنفڕانسەدا بە ئاماژە کردن بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕایگەیاند: \"کوردەکان لە بەشداری کردنی لە سیاسەتەکانی ئێراندا بێبەرین و زۆرترین ئاماری ئێعدامەکان لە ئێراندا بۆ کوردەکان تەرخان کراوە\".

لە درێژەی ئەو کۆنفڕانسەدا، ناسر بۆلەیدەیی، چالاکی بەلووچ ئاماژەی بە دۆخی نالەباری خەڵکی بەلووچ کرد و ڕایگەیاند: \"هاووڵاتییانی بەلووچ، هەتا ئێستە لە بوونی ناسنامە بێبەرین و لەو پەیوەندییەدا زیاتر لە ٢٠ هەزار منداڵی بەلووچی لە بوونی ناسنامە بێبەرین\".

هەروەها لەو کۆنفڕانسەدا، دیان عەلایی، نوێنەری کۆمەڵگای جیهانیی بەهایییەکان لە ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەبارەت بە بارودۆخی بەهایییەکان لە ئێراندا چەند لێدوانێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: \"هاووڵاتییانی بەهایی، بۆ دڕێژەدان بە خوێندن لەگەڵ کێشەی زۆر بەرەوڕوون و لە خوێندن لە زانکۆکان لە ئێراندا بێبەرین و زوڵم و هەڵاواردنی بەربڵاو لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە، دژی بەهایییەکان بەکار دەبرێت.