بارودۆخی جەستەیی دوو زیندانیی مەزهەبیی کورد نالەبارە

16:48 - 30 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی بەساڵاچووی کوردی سوننی مەزهەب لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، تووشی نەخۆشی بووەو هەنووکە بۆ چوونە دەرەوە بۆ نەخۆخشخانەی دەرەوەی زیندان، رێگریی لێ دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارودۆخی جەستەیی زیندانییەکی کورد بەناوی \"کەیخوسرەو شەرەفی‌پوور، لە دوو حەفتە پێش ئێستاوە تێکچووە.

\"21632.jpg\"
کەیخوسرەو شەرەفی‌پوور توانای نان خواردنیشی نییە
ئەو زیندانییە کوردە لەتەمەنی ٦٠ ساڵییەوە لە زیندان دایە و توانای نان خواردنیشی نییە و بەپێی زانیارییەکان لە سێ رۆژ پێش ئێستاوە نەیتوانیوە ئاویش بخواتەوە.

دەگوترێت، کە دوو پزیشکی نێو زیندان لەمەڕ ناردنەوە دەرەوەی ئەو زیندانییە بەساڵاچووە جیاوازیی بۆچوونیان هەیە و پزیشکێکیان بەناوی دوکتور شەریفی، بڕوای بە نەخۆش بوونی ناوبراو نییە.

کەیخوسرەو شەرەفی‌پوور تەمەنی ٦٤ ساڵە و بە تۆمەتی \"دیفاع لە بیروباوەڕی ئایینی و مەزهەبی سوننی\"، حوکمی ٨ ساڵ زیندانی کرانی بۆ بڕاوەتەوە.

\"21633.jpg\"
چارەنووسی سەدیق محەمەدی ناروونه
پێشتریش زیندانییەکی مەزهەبی بەناوی \"سەدیق محەمەدی\" کوڕی حوسێن بەرەوڕووی لێدان ببوویەوەو لەگەڵ ئەوەشدا بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرابوو، کە هەتا ئێستا چارەنووسی روون نەبۆتەوە.

دەگورێت، ئەو زیندانییە مەزهەبییە، بەهۆی لێدانی مەئموورانی نێو زیندان سەری شکاوەو بەشێک لە ئەندامانی لەشی بەهۆی ئەو لێدانەوە رەش هەڵگەڕاون.

رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا، کە سەرەتای ئەم حەفتەیە بڵاوی کردەوە، رایگەیاندووە، لە شاری کەرەج، دەیان هاووڵاتی بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە سەرەتایی‌ترین مافەکانیان، لە گرتووخانەدان.

لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە؛ \"هەنووکە ١٢٦ چالاکی مەزهەبی، کە لێکدانەوەیەکی تایبەتیی و جیاوازییان بۆ ئیسلامی سوننی هەیە، لەزیندانی رەجایی شاری کەرەجدا دەستبەسەرن، کە لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەشێک لەو کەسانەیان بە شەڕی چەکدارانە و کوشتن، هەوڵدان بۆ کوشتن و ترساندنی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، تۆمەتباریان کردووە.