بارزانی فەرمانی چاکسازیی دا

19:59 - 22 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: قەیرانی ماڵیی لە کوردستانی عێراق، حکوومەتی هەرێمی لە بواری کارگێڕیی و بەڕێوەبەرییدا تووشی تەنگوچەڵەمە کردووە.
بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بە دەرکردنی فەرمانێک، پڕۆسەی چاکسازی لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم ڕاگەیاند.

لەو بڕیارەدا کە ڕۆژی ڕابردوو بڵاو کراوە، کۆمپانیا سەرکەوتوو و گەندەڵەکان هەریەک بە شێوەیەک پارەیەک دەدەن بە حکوومەت.

سەبارەت بە دەوڵەمەندبوونی نایاسایی کۆمپانیاکان هاتووە کە داهاتەكانیان بە شێوەی دادپەروەرانە دەدرێتە گەنجینەی حکوومەت و کۆمپانیا یاساییەکانیش لەسەر داوای خۆیان یارمەتی ماڵیی حکوومەت دەکەن.

هەروەها مەسعوود بارزانی داوای کردووە کە هەموو چاکسازییەک لەسەر بنەمایەکی گونجاو و به‌پێی پێویستی حكوومه‌ت بێ و بە میكانیزمێک ڕێکبخرێت.

چاکسازییەکەی بارزانی، هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە و پێداچوونەوە بە میلاكات، یەکە و دامه‌زراوه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دەکرێت.

هەرچەندە بڕیارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گشتین بەڵام  لێژنه‌یه‌ک، کاروبارەکان ئەنجام دەدات و مەسعوود بارزانی لێی ئاگادار دەکاتەوە.

لەدوای هاتنی داعش و قووڵبوونەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغداد، بودجە و مووچەی کوردستان تووشی قەیران بووە و حکوومەتیش ماوەیەک لەمەوپێش مووچەی فەرمانبەرانی لە نێوان ١٠ تا ٧٠% کەم کردەوە.

حکوومەتی هەرێم مانگانە ٧٥٠ میلیۆن دۆلار مووچە بە فەرمانبەر، خانەنشین و یارمەتی کۆمەڵایەتییەکان دەدات.

داهاتی مانگانەی هەرێم کەلە فرۆشتنی نەوت و باجی خاڵە سنوورییەکان دابین دەبێ کەمتر لە ٦٠٠ میلیۆن دۆلارە.