ئاڵمان/ رێپێوانی ٣٠٠ کیلۆمیتریی پەنابەرانی بیانی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەوڵەتی ئاڵمان

15:05 - 11 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: نزیک بە ١٠٠ پەنابەری بیانی لە وڵاتی ئاڵمان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی نالەباری خۆیان و نەبوونی ئیمکاناتی ژیان کە زیاتر لە ٢ ساڵە لە کەمپی پەنابەرانی شاری \"وێستبوورگ\"دا راگیراون، لەو شارەوە هەتا شاری \"مۆنیخ\"ی ئاڵمان رێپێوانێکیان وەڕی خستووە.

پوویا میرزایی پەنابەری کوردی ئێــرانی نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، ماوەی ١٢ رۆژە کە نزیک بە ١٠٠ پەنابەری بیانی لە وڵاتی ئاڵمان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی دەوڵەتی ئاڵمان سەبارەت بە ژیان و ئاسایشی پەنابەران و نەدرانی ئیقامەی نیشتەجێ بوون بە پەنابەران، ئەو رێپێوانەیان رێکخستووە.

ناوبراو رایشیگەیاند، کە زۆربەی ئەو پەنابەرانە هاڵاووڵاتیی خەڵکی ئێـران، ئەفغانستان و وڵاتانی ئافریقایین کە هەتا ئێستا مەودای ٣٠٠ کیلۆمیتریان بڕیوە و بەیانی دەگەنە شاری مۆنیخ و لە ئەگەری جێبەجێ نەبوونی داواکانیان، مەترسیی سنوورداش کردنەوەیان لە ئارا دایە.

ئەو پەنابەرە کوردە ئەوەشی خستەڕوو کە زۆربەی ئەو کەسانە پەنابەری سیاسین و لە ئەگەری سنوورداش کردنەوەیان بەرەوڕووی مەترسیی گیانی دەبنەوە، بۆیە پێویستە دەوڵەتی ئاڵمان بە دەم داواکاریی ئەم پەنابەرانەوە بێت.

پوویا میرزایی ئەوەشی خستەڕوو کە سەرەڕی تێپەڕبوونی ١٢ رۆژ لە دەستپێکی ئەو رێپێوانە تەنیا چەند میدیایەکی وڵاتی ئاڵمان سەردانی ئێمەیان کردووە و هیچ کام لە لایەنە حکوومەتییەکانی ئاڵمان نە تەنیا هیچ ئاوڕێکیان لە ویستی پەنابەران نەدداوەتەوە، بەڵکوو هەندێک جار پۆلیس رێگریمان لێ دەکا و لەلایەن مەئموورانی پۆلیسەوە دەدرێنیە بەر لێدان و هەتا ئێستا دەست و لاقی چەند کەسێکیان شکاندووە.

ئەو پەنابەرە کوردە کە بۆخۆی ماوەیەک پێش ئێستا ئیقامەی دەوڵەتی ئاڵمانی پێ دراوە، رایگەیاند، \" کە تەنیا بۆ پشتیوانی کردن لەو پەنابەرانە لەگەڵیان بەڕێ کەوتووم، هەتا بەم شێوەیە بتوانین داوای پەنابەران بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەیەنین\".
\"15038.jpg\"