ئاگر کەوتنەوە لەدارستانەکانی ناوچەی داڵاهۆ و ئیسلام‌ئاوا

21:55 - 16 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دارستانەکانی ناوچەی \"قەڵالانی\" سەر بە شاری داڵاهۆ و \"چوار زبر\"ی سەربە شاری ئیسلام ئاوا ئاگریان گرت و خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی کوردستان گەیشت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا پاش سێ رۆژ لەئاگرکەوتنەوە لەدارستانەکانی گوندی بایوەند لەناوچەی عوسمانلووی سەر بە ئوستانی کرماشان، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦ی پووشپەڕ دارستانەکانی ناوچەی \"قەڵاڵان \" سەربە شاری داڵاهۆ و \"چوارزبر \"سەر بە شاری ئیسلام ئاوا لە ئاگردا سووتان.

دەوترێت ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە هاوکاریی خەڵکی ئاواییەکان و چالاکانی مەدەنی و ژێنگەپارێزی دوای چەند کاتژمێرێک کونتڕۆڵ کراوە.

هەتا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی داڵاهۆ و ئیسلام ئاوا روون نەبووەتەوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش دارستانەکانی سلێمان‌بەگی بانە و چیای ئاویەر تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون کە خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو شوێنانە گەیشت.

بەوتەی هاووڵاتیان زیاتر لە ١٠ هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو دوو شوێنە بوون بە خۆڵەمێش.

دەوترێت کە هاووڵاتیانی شاری سنە بڕیاری ئەوەیان داوە کە رۆژی پێنجشەممە لە پارکی کوودەکی ئەو شارە کۆ ببنەوە و لەجێگای دار سووتاوەکان نەمام بچێنەوە.