ئاگر بەرۆکی دارستانەکانی ماکۆ، پاوەو دێهلوڕانی گرت+وێنە

20:51 - 23 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە سێ رۆژ پێش ئێستاوە لە ناوچەکانی ماکۆ، پاوەو دێهلوڕان، ئاگر لە دارستان و لێڕەوارەکان بەربووەو هەتا ئێستاش بەردەوامە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو دارستانەکانی دەوروبەری گوندی \"ورا\"ی سەربە شارستانی پاوە لە ئوستانی کرماشان، ئاگری تێبەربووە.

لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا چەندین هیکتار دارستانی ناوچەی هەورامان، کە لە دار بەڕوو پێکهاتووە،، لە ئاگردا سووتاوە.

دەگوترێت، خەڵکی ئەو ناوچەیە پاش چەندین کاتژمێر هەوڵی بەردەوام و بەبێ یارمەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی، توانیویانە ئاگرکەوتنەوەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

هەروەها لە ئوستانی ئیلام و شاری دێهلوڕانیش، رووبەرێکی بەرفراوان لە دارستانەکانی ناوچەی \"چەم هیندی\" ئاگری تێبەربووە.

بە گوتەی فەرمانداری دێهلوران، هەتا ئێستا هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوەیە روون نەبۆتەوە، بەڵام ئەو ناوجەیە لە چوار لاوە ئاگری تێبەردراوە.

ئۆکالیپتووس، دار بی و گەز، بەشێک لە دارستانی ناوچەی \"چەم هیندی\" پێک دێنن.

هاوکات لە شاری ماکۆ، حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە رووی داوە، کە لەوڕگەی ناوچەی \"شارەوانی\"ی ماکۆ هاتۆتە ئاراوە.

ئەو ئاگرە رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردوو هاتۆتە ئاراوەو بە گوتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە، هەتا ئێستا ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە و هەڕەشە لە دارەکانی ئە وناوچەیە دەکات.

دوو حەفتە پێش ئێستا، ئاگرکەوتنەوەیەک لە سێ ناوچەی شارستانی ماکۆ کە ناوچەی بازرگان – ماکۆ و گوندی \"ئینجە\" لە خۆ دەگرێت، روویدابوو، کە یەک ملیارد ریاڵ زیانی بە سروشت و ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

شارستانی ماکۆ لە باکووری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا هەڵکەوتووەو ١٨٠ هەزار هیکتار سەرچاوەی سروشتی و لێڕەوار و لەوەڕگە و دارستانی هەیە.
\"22067.jpg\"

\"22068.jpg\"

\"22069.jpg\"

\"22071.jpg\"