ئاگری ئیسماعیل نژاد: سپای پاسداران سێ سیاسەتی ڕەشی \"تەشکیلاتی کوردستانی، دژە کوردبوون و ترس لە کوردی\" کردووەتە سەرەتیی کارەکانی لە بواری شەڕی ڕەوانی دژبە کوردستان

14:24 - 2 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا فازێکی نوێی لە شەڕی دەروونی لە دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دەستپێکردووە و لە هەوڵی بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتییە.

ئامانجی حکوومەتی ئێران لەم فازە نوێیەی شەڕی ڕەوانی لە دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ئێران، دروست کردنی کەلێن لە نێوان بژاردە سیاسی و فەرهەنگییەکانی کورد و هەموو کۆمەڵگای کوردستانە لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی کوردستانی ئێران.

حکوومەتی ئێران بە دەسپێکردنی ئەم قۆناغە نوێیە لە شەڕی دەروونی لە دژی بزووتنەوەی کورد بە شوێن پاوان کردنی باوەڕ و بەها نەتەوەییەکانی کوردەوەیە ئەمەش بە کەڵک وەرگرتن لە هەوڵە دەروونی و میدیاییەکان و بانگەشەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی.

ئاژانسی کوردپا سەبارەت بەو پرسە لەگەڵ ئاگری ئیسماعیل نژاد، چالاکی سیاسی کورد وتووێژێکی ئەنجام داوە.

ئاگری ئیسماعیل نژاد وێڕای ئاماژە کردن بە ڕۆڵی ناوەندیی بەڵگەنامەکانی شۆڕشی ئیسلامیی و ئامانجی ئەو ناوەندە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی نوێی شەڕی دەروونی لە کوردستان دەڵێت: ناوەندیی بەڵگەنامەکانی ئینقلابی ئیسلامی، یەکێک لە ناوەندە ساختەکارییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێرانە، کە لە چوارچێوەی درووست کردنی قەڵغان بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا کار دەکات و ساڵانە تێیدا کتێب، وتار و... بڵاو دەکرێتەوە؛ ئەمەش بەو ئامانجەی کە مێژوویەک کە بوونی دەرەکی نییە، بۆ کەسانی سەر بە ڕێژیم دەنووسن و ڕەوتە مێژووییەکانی ئێران لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی بەباشترین شێوە بە تاڵان دەبەن.

پێشتر و لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی و ناوەندە فەرمییە حکوومەتییەکان کەمتر بە شێوەی راستەوخۆ هەوڵی بە لاڕێدابردنی مێژووی کوردستانیان داوە، بەڵکوو زیاتر لەڕێگەی کەسانێکەوە کە لە ژێر سێبەری ئەواندان وەک جەلایی‌پوور، قانعی‌فەرد، تالع و ... لەژێر چاوەدێری دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ئەو کارەیان ئەنجام دەدا، بەڵام پاش دەسپێکردنی ڕاسان، وەرزی نوێی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ناوەندە فەرمییە حکوومەتییەکان دەستییان کردووە بەم کارانە؛ ئامانجی ئەوان، بەرهەم ‌هێنانی بەڵگە و کتێبگەلێکە لە بواری مێژووی کوردستان، کە ئەو بەڵگانە لە ڕاستای گوتاری ناوەندگەرا و دژایەتی لەگەڵ گوتاری مافی دیاریکردنی چارەنووس و تەنانەت ڕوانگەی دابەش کردنی دەسەڵاتە.

بەڵگەنامە و کتێبە بەرهەم هێنراوەکان لەو ناوەندەدا و هەروەها لە ئاستی تەشکیلاتی بەپێی سەرپۆش دانان بۆ جینایەتەکانی دەزگا حکوومەتییەکان و سیاسەتی ڕەش‌پیشاندانی حیزبە کوردییەکان گەڵاڵەداڕێژی بۆ کراوە، بەشی دووهەمی ئەم پڕۆسەیە پێشتر لە ڕێگەی میدیا تەسویرییەکانی حکوومەتەوە ئەنجام دەدرا.

دەقی تەواو ئەم وتووێژە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپادایە.