ئاگرکەوتنەوە هەناسەکێشانی لەدارستانەکانی زاگرۆس بڕیوە

16:10 - 10 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: رووبەرێکی بەرفراوان لەدارستانەکانی باکوور و باکووری رۆژئاوای شاری مەریوان لەئاگردا سووتان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی دەورووبەری گوندی \"سەیفی سەروو\" روویداوە و پاشان ئاگرەکە بەرەو دارستانەکانی گوندەکانی \"سە‌لە‌سی\" و \"چاوگ\" تەشەنەی سەندووە.

ئەو ئاگرکەتنەوەیە خەسارێکی بەرچاوی بە دارەکانی وەک گویژ، هەرمێی ‌کێوی، دارمازوو، جۆرەکانی داربەڕوو، هەڵوچە و سێوی کێوی، بەڵالوک و سماق و چەندین داری دیکە گەیاندووە.

دەوترێت لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا زیاتر لە ١٠ هێکتار لەوەڕگە و دارستان لە ئاگرەکەدا سووتاون.

لەلایەکی دیکەوە ئەو ئاگرە بووەتە هۆی تێکدانی هێلانەی گیانلەبەرانی وەک سمۆرە، رێوی، کەمتیار و بەراز و چەندین جۆر باڵەندەی دیکە.

\"28301.jpg\"
ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە هەوڵی خەڵکی گوندەکانی سەیفی سەروو و چاوک و ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کۆنتڕۆڵ کراوە.

هەر لەدرێژەی ئاگرکەوتنەوەکاندا رۆژی هەینی رووبەرێکی فراوان لە دارستانەکانی کامیاران لە چیای ئاواڵان لە ئاگردا سووتاوە کە خەسارەکە بە ٢٠ هێکتار خەملێندراوە.

لەو بارەیەوە ئەنجومەنی سەوزی چیا مەریوان لەراگەیەندراوێکدا وێرای ئاماژە بە بەرفراوانی رووبەری ئاگرەکە لەدارستانەکانی زاگرۆس راشیگەیاندووە، داوا لە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکەین کە ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی لێڕەوار و دارستانەکان بەجێ بگەیەنن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، زیاتر لەوە چاوەروانی هیچ کەس و لایەنێک مەکەن و بە شکاندنی بێدەنگی و بەشداری کردن لە کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانەدا ئیزن مەدەن سەرمایەی داهاتوومان کە لەلای ئێمە ئەمانەتە لەناو بچێت.

لە درێژەدا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان باسی لەوە کردووە، خەڵکی خۆشەویستی مەریوان ئێمە چاوەروانیمان لەدەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی نییە، چونکە ئەگەر ئەوان بیریان لە رێوشوێنێکی گونجاو بکردایەتەوە رووداوی ساڵی ١٣٨٩هەتاوی دووپات نەدەبووە.