ئاگرکەوتنەوە دەست لە داوێنی کوردستان هەڵناگرێت

20:42 - 20 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دارستانەکانی دەوروبەری مەریوان لە سێ شوێنە جیاجیادا ئاگریان تێبەربووە و خەسارێکی بەرچاوی بە لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە گەییشتووە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە ١٩ی جۆزەردان، دارستانەکانی دەوروبەری گوندی \"حەسەن ئاوڵە\"سەر بە مەریوان، دارستانەکانی گوندی \"بردە سپی\" سەر بە ناوچەی کۆماسی و لەوەڕگەی ناوچەی \"کوورەی مووسەوی\" لە باکووری رۆژهەڵاتی مەریوان ئاگریان تێبەربوو.

ئەو ئاگرکەوتەنەوەیە بە هەوڵی دانیشتوانی ناوچەکە و کومیتەی بەرەوڕووبوونەوەی قەیرانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کونترۆڵ کراوە.

بە وتەی بەرپرسانی کومیتەی پێشگیری لە قەیرانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە سەرەتای ئەمسالەوە ٣٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان رووی داوە، کە زۆربەی ئەو حاڵەتانە لە دارستانە چڕوپڕەکانی ناوچەکە بوون.

زۆربوون و چڕبوونی پووش و پەڵاش و داربەڕووەکان لە چیای زاگرۆس دەبنە هۆی ئەوەی کە ئاگرکەوتنەوەکە سروشتی هەژمار، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا هۆکارە مرۆییەکان دەستێکی باڵایان لە ئاگرکەوتنەوەکان هەیە.

دانیشتوانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لەو باوەڕەدان کە ناوەندە ئەمنییەتی _نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی ئەوەیکە هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چیاکانی کوردستان بوونیان هەیە ئاگر لە دارستانەکان بەر دەدەن.

هەر چەند بەرپرسایەتیی پاراستنی دارستانەکان و لەوەڕگەکان لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتییەکان وەک ئیدارەی ژینگەپارێزی، جەنگەڵبانی و ئیدارەی ئاگرکۆژێنەوەیە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هاووڵاتییانی کوردی چالاکی بواری ژینگەپارێزی و خەڵکی گوندەکان بە شێوەی خۆڕسک هەوڵی کۆژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تاکوو ئێستا ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەپارێزی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زۆربەیان بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" و سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.