ئاژانس لە راپۆرتێكی‌تردا نیگەرانیی خۆی لە بەرنامەی ناوكیی ئێران دەربڕی

12:49 - 6 رەشەمه 2711
كوردپا: یۆكیا ئامانۆ، لێپرسراوی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی، راپۆرتێكی دیكە لە چالاكییە ناوكییەكانی ئێرانی تەسلیم بە شۆرای بەڕێوەبەریی ئاژانس و ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە تێیدا جارێكی تر نیگەرانییەكان لەمەڕ هاوكاری نەكردنی ئێران دووپات بوونەتەوە.

لە راپۆرتەكەی ئامانۆدا بە ئاژماژە بە بەشی حەوتەمی پێڕەوی ناوخۆی ئاژانس، كە چاوەدێریی هەڕشەی ئاشتی و ئەمنیەتی نێودەوڵەتیە، تەئكیدی كردۆتەوە كە بەپێی بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، بڕیارەكانی بەڕێوەبەریی ئاژانس و ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئێران زەروورین.

رادیۆ فەردا لە راپۆرتێكدا نووسیویە، كە هەیئەتی ئاژانس وتووێژێكی چڕوپڕی لەگەڵ ئێران كردووە، بەڵام نەیتوانیویە لەبارەی روون كردنەوەی بابەتە چارەسەر نەكراوەكان لەگەڵ ئێران بە رێككەوتنێك بگەن.

یۆكیا ئامانۆ ئەوەشی زیاد كردووە كە لەسەر داوای ئاژانس ئێران 15 بنكە ناوكی و 9 ناوچەی لە دەرەوەی چوارچێوەی چالاكیی ئەو بنكانە بە ئاژانس ناساندووە.

بەو حاڵەشەوە هێندێ‌ لەو چالاكییانەی كە لەو بنكە ناوكییانە ئەنجام دەدرێن پێچەوانەی یاسا و رێوشوێن و داخوازییەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشن.

لەو راپۆرتەدا جارێكی تر دووپات كراوەتەوە كە ئێران سەرەڕای داوای بەڕێوەبەریی ئاژانس و ئەنجومەنی ئاسایش درێژە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم دەدات و ئەمەش لە حاڵێك دایە كە هەموو ئەو بنكانە لەژێر چاوەدێریی ئاژانس دان.

لە راپۆرتەكەی ئاژانسدا هاتووە: دوو بنكەی پیتاندنی نەتەنز و بنكەی پیتاندنی فردۆ، سێ‌ ناوەندن كە ئاژانسی نێودەوڵەتی لەسەریان گومانی هەیە و بەپێی زانیارییەكان ئێران لە ساڵی 1388ەوە هەتا ئێستا نزیك بە 4/95 كیلۆ \"هگزا فلوراید اورانیوم\"ی بە چڕی 20% پیتاندووە.

لە سەفەری ئەم جارەی هەیئەتی ئاژانسدا بۆ ئێران، ئاژانس داوای لە ئێران كردووە لەبارەی ساز كردنی 10 بنكەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و هەروەها لەبارەی تێكنۆلۆژیی پیتاندنی \"لیزری\" كەلە ساڵی 1388ەوە دەستی پێكردووە، زانیاری بخاتە روو كەلە بەرامبەردا ئێران خۆی بواردووە.

ناوەندە ئەتۆمییەكانی: ئەراك، ئیسفەهان، نەتەنز، فردۆ، پارچین و چەند بنكەیەكی تر ئەو ناوەندانەن كە هێندێ‌ لە چالاكییەكانیان نهێنیە و لە چاوەدێر و پشكێنەرانی ئاژانس شاردراونەتەوە.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە لێپرسراوانی حكومەتی ئیسلامیی ئێران ئیزنیان بە پشكێنەرانی ئاژانس نەداوە سەردانی بنكەی ناوكیی پارچین لە نزیك تاران بكەن.

بەشێكی دیكە لە راپۆرتەكەی یۆكیا ئامانۆ تەرخان كراوە بۆ رەهەندی نیزامیی چالاكییە ناوكییەكانی ئێران و نووسیویە: لە ساڵی 2002ەوە ئاژانس پەی بە بوونی چالاكیی نیزامی لە بەرنامەی ناوكیی ئێراندا بردووە كە دەكرێ‌ ئاماژە بە ساز كردنی \"سووتەمەنیی ناوكیی مووشەك\" بكرێت.

لە كۆتایی راپۆرتەكەی ئامانۆدا هاتووە بەو پێیەی كە ئێران هاوكاری پێویستی لەگەڵ ئاژانس نەبووە و پڕۆتۆكۆلەكانی جێبەجێ‌ نەكردووە، بۆیە ئاژانس ناتوانێ‌ \"متمانە\" بەوە بكات كە بەرنامە ناوكییەكانی ئێران لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەتۆمیدا نین، هەر بۆیە نیگەرانییەكان جیدی و زیاتر بوون.