ئاوی گۆلی ورمێ ٢٣ سانتی میتر هەستاوەتەوە

18:53 - 3 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ئاویی رابردوو، ٢٣ سانتی میتر هەستاوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی باران بارینەکانی ماوەی رابردوو لە ئوستانی ورمێ، سەرەڕای هەستانەوەی ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ، لە ١٢ گوندی ئەو ئوستانە لافاو دروستبووە.

زیادبوونی تەرازی ئاوی گۆلی ورمێ بە بەراورد لەگەڵ ئاوی ساڵی رابردووی، کە لە ئێستادا ٧ سانتی میتر زیادی کردووە، هەموو ساڵێ لە کۆتاییەکانی مانگی خەرماناندا دەپێورێت.

بەرپرسی شیرکەتی ئاوی ئوستانی ورمێ لە کاتێکدا باسی لە زیادبونوی ٢٣ سانیتی میتریی ئاوی گۆلی ورمێ کردووە، کە لە ئێستادا لە سەدا ٨٤ی ئاوی گۆلی ورمێ بۆتە هەڵم و جێگەکەی پڕ نەکراوەتەوە.

هەرچەند باران بارینی ماوەی رابردوو هەستانی چەند سانتی میترییەکی ئاوی گۆلی ورمێی لێکەوتۆتەوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئاستی ئاوی ئەم کاتانەی ساڵی رابردوودا، ١٥ سانتی میتر ئاوەکەی کەمترە.

قەیرانی وشکەساڵی لە گۆلی ورمێ بووەتە هۆی ئەوەیکە رووبەری گۆلی ورمێ لە ٦ بەش تەنیا بەشێکی بمێنێتەوە.

لێپرسراوانی ئوستانی، لە هەوڵی ئەوەدان ئاوی لەناوچووی گۆلی ورمێ دابین بکەنەوە و یەکێک لە پلانەکانیان بە بایەر هێشتنەوەی ٥٠ هەزار هێکتار لە زەوییە وەرزێڕییەکانی ناوچەی موکریان لە باشووری ئوستانی ورمێ‌یە.

جێبەجێ کرانی ئەو گەلاڵەیە بووە هۆی ئەوەیکە نوێنەرانی مەجلیس لە ئوستانی ورمێ لە نامەیەکدا بۆ لێپرسراوانی دەوڵەت، ناڕەزایەتیی خۆیان بە پلانی \"بایەر هێشتنەوەی زەوییە وەرزێڕییەکان\" دەر ببڕن.

گۆلی ورمێ ٥ هەزار کیۆلیتری رووبەری هەیە و بە گەورەترین فەلاتی ئێران دادەندرێت، کە لە ماوەی ٢ دەیەی رابردوودا بەهۆی وشکە ساڵییە یەک لە دوای یەکەکان و بەکارهێنانی ئاوی لە رادەبەدەری ئاوەکانی ژێر زەوی و دروست کردنی بەنداو لەسەر چۆمەکانی سەر ئەو گۆلە و چوونەسەرەوەی پلەی گەرمیی هەوا، ئاوی گۆلی ورمێ بە شیوەیەکی بەرچاو روو لە کەمی بکات و نزیک بە ٢ لەسەر ٣ی رووبەری ئەو گۆلە ببێتە خوێ‌جاڕ.
\"22849.jpg\"

\"22848.jpg\"