ئاوی بەنداوی سەیمەرە لە چیای تەنیشت ئەو بەنداوەوە دزەی کرد + وێنـــه

19:50 - 4 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: دزە کردنی ئاو لەژێر شاخی تەنیشت بەنداوی سەیمەرە بە هۆی کەمتەرخەمی و کەمکارییەوە، ئەو بەنداوە بەرەو رووی مەترسی جیددی بووەتەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی قەڵەشانی دیواری بەنداوی کارونی ٤ لە ئوستانی چوارمەحاڵ و بەختیاری، هەواڵی ئاوگیریی نا سەرکەوتوانە و دزە کردنی ئاو لە بەنداوی سەیمەرەی شاری \"بەدرە\" لە هەواڵدەریی مێهر بڵاو کرایەوە.

ئەم ماڵپەڕە حکوومەتییە بڵاویشی کردۆتەوە: بەنداوی سەیمەڕە بەپێی ئەو پلان‌رێژییەی کە بۆی کرابوو دەبوا ئەمساڵ ئاوگیرییەکەی تەواو بوایە، بەڵام هەنووکە تووشی کێشەی فەننی بووە و کەم‌کاری یەکێک لە شیرکەتەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاوی بەنداوی سەیمەڕە لە ژێر یەکێک لە شاخەکانی تەنیشت ئەو بەنداوەوە دزە بکاتە دەرەوە.

دزە کردنی ئاوی ئەو بەنداوە لە حاڵێک دایە کە ئەگەری درووستبوونی قەڵەش و درزی گەورەتر لە ئارادایە و خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە دیسان ئەرکی چاکسازییان بە شیرکەتی \"هامن\" راسپاردووە کە پێشتر کارەکەی ئەنجام داوە و ئەمەش ئاماژە بە بێ نرخ بوونی ئەم مەسەلەیە لە لای بەررپرسانی پەیوەندیدار دەکات.

هەروەها سەرەڕای ٢ ساڵ لە تێپەڕبوونی بە ناو ئاوگیریی ئەو بەنداوە، هیچکام لە دوو یەکە لە وزەخانەکانی پەیوەست نەبووە بە خولی وەبەرهێنانی وزەی برقی ناوجەکەوە و هەموو پرۆژەکە بە هۆی نەبوونی پشتیوانی ماڵی بەرەورووی داخران بووەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، عەلی رەزا قوربانی کارناسی ئاو و خاکی ئوستانی ئیلام بە مێهری راگەیاند، بەنداوی سەیمەڕە بە هۆی کەم‌کاری و کەمتەرخەمی تووشی چارەنووسێکی نادیار بووە و بەم هۆیەشەوە بەشێکی بەرچاو لە لاوانی ناوچەکە بەرەو رووی بێکاری دەبنەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاویشدا بە هۆی ئاوگیریی پێش لەوادەی بەنداوی سەیمەڕە و نەبوونی ئۆکسیژن لە ئاودا، دەیان هەزار ماسی تووشی فەوتان بوون.

بەنداوی سەیمەڕە کە لە چیمەنتوو ساز کراوە و بەرزاییەکەی ١٨٠ میترە و لە ٣٧ کیلۆمێتریی شارستانی \"دەڕە شار\" هەڵکەوتووە کە وەکوو گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزاریی ئوستانی ئیلام بە ئەژمار دێت.

ئەم بەنداوە لە کاتی ئاوگیریدا ٣ میلیار میتری سێ جا ئاو لە خۆ دەگرێت و ئاوی ١٢ هەزار هێکتار لە زەوی و زارەکانی خوارەوەی خۆی دابین دەکات.
\"17033.jpg\"

\"17032.jpg\"

\"17031.jpg\"

\"17030.jpg\"