ئاورگەی "چوارتاقی"ی دەڕەشەهر، پەرستگەی دوێنێ‌ و ئەنباری ئەمڕۆ

15:25 - 2 بەفرانبار 2711
كوردپا: یەكێك لە گرینگترین ئاسەوارە مێژووییەكانی ئیلام \"چوارتاقی\"ی شاری دەڕەشەهرە، بەڵام كراوەتە ئەنباری گژوگیای ئاژەڵان و هەروەها نووسینی بیرەوەری لەسەر دیوارەكانی و پارێزگاری نەكردنی، خەریكە ناسنامەكەی دەسڕێتەوە.

هەواڵدەریی میهر لە راپۆرتێكدا نووسیویە، شاری \"دەڕەشەهر\"ی سەر بە پارێزگای ئیلام خاوەنی گەلێك ئاسەواری مێژوویی سەردەمی ساسانیە و هەر بستە خاكێكی ئەو دەڤەرە ئاسەوارێكی مێژووییی تێدایە.

یەك لەو ئاسەوارانە ئاورگەی \"چوار تاقی\"یە كەلە كەناری شار و لە گوندی \"سوورئاوا\" و لە شوێنێك بەناوی \"تەنوورە سووری گەچی\" هەڵكەوتووە.

ئەو بەرهەمە مێژووییە گرینگە هی سەردەمی سەدەی ناوەڕاستی ئیسلامیە و پێشینەكەی بۆ زیاتر 1400 لە ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە و لە لیستەی بەرهەمە مللییەكانیشدا تۆمار كراوە و یەكێكە لە ئاسەوارە بێ‌ وێنەكانی ئەو ناوچەیە.

بوونی مەڕ و ماڵات و ئاژەڵ لە دەورووبەری ئەو ئاورگەیە دەبڕی راستییەكی تاڵە كە دەریدەخات ئەم بەرهەمە مێژووییە لەلای ناوەندە پێوەندیدارەكان هیچ بایەخ و پێگەیەكی نیە و بوونی گرژ و گیاش ئەوە دەسەلمێنن كە ئەو شوێنە مێژووییە بۆ ئەنباری ئاڵفی ئاژەڵان بەكاردەهێنرێ‌.

هەواڵدەریی میهر لە درێژەدا نووسیویە، لە رابردوودا ئەو ئاورگەیە گرینگییەكی تایبەتی هەبووە و شوێنی پەرستگە بووە، بەڵام گوایە ئەمڕۆ بەرپرسانی پێوەندیدار وایان لێك داوەتەوە كە دەبێ‌ شێوەی كەڵك وەرگرتنی بگۆڕدرێ‌ و بۆ ئاژەڵداری باشترە!

لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی نەپاراستن و نەبوونی تێلبەند و دیوار هەتارادەیەكی زۆر دیوارەكان داڕووخاون و لەسەر زۆرێك لە دیوارەكانی بیرەورەی نووسراوە و هەڵیان كۆڵیوە.

هەتا ئێستا هیچ لایەنێكی پێوەندیدار وەك، میراس فەرهەنگی هەوڵێكی لەپێناو پاراستن و پێشگیری لە سڕینەوەی ناسنامەی ئەو ئاسەوارە مێژووییە و بەرهەمەكانی دیكەی دەڕشەهر هەڵنەهێناوەتەوە كە ئەمە جێگای داخ و نیگەرانیە.

وێنە : میهر