ئامارێک لەمەڕ خۆکوژی ژنانی کورد لە ئێران

15:27 - 3 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ساڵی ڕابردوو (٩٦)، ١٤٠٠ ژنی کورد لە ئێران هەوڵی خۆکوژیان داوە.

بەپێی ئامارێک کە لە لایەن بەرێوەبەری نووسینگەی چاودێری و هەماهەنگی لە کاروباری لاواندا بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی ساڵی ٩٦دا سەرجەم ٤٩٩٢ حاڵەتی خۆکوژی لە ئێران ڕووی داوە.

ئومید موحەدس لەمبارەوە ئاشکرای کردووە، تەنیا لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لوڕستان، سنە و ورمێ، ١٣٩٥ حاڵەتی خۆکوژی تۆمار کراوە کە بەواتای ٢٨٪ی خۆکوژییەکان لە ئێران بە گشتیی بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، پارێزگای ئیلام بە ٥٥٠ هەزار حەشیمەتەوە، کە بە کەم‌حەشیمەتترین پارێزگای ئێرانە، زۆرترین ئاماری خۆکوژی تێیدا روویداوە و گەیشتووتە ٨٠٠ حاڵەتی خۆکوژی.

کرماشان ٢٠٩ حاڵەت و لە پلەی شەشەم، ورمێ ١٥١ حاڵەت و پلەی ١٠یەم ، لوڕستان ١٣٥ حاڵەت و پلەی ١٢یەم و سنە بە ١٠٠ حاڵەت لە پلەی چواردەیەمدایە و لە ڕیزی ئەو پارێزگایانەدایە کە زۆرترین حاڵەتی خۆکوژی تێدا تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کۆی ١٣٩٥ حاڵەتی خۆکوژی لە شارە کوردنشینەکان کە هەوڵی خۆکوژییان داوە، ٥٧٠ کەس ژن بوون و ٨٢٥ کەسیشیان پیاو بوون.

لە پارێزگای ئیلام، ڕێژەی خۆکوژی ژنان لە پیاوان زۆرتر بووە و بە شێوەیەک کە ٤٠٧ حاڵەتی خۆکوژی ژنان لەو پارێزگایە تۆمار کراوە و خۆکوژی ژنانیش لە پارێزگاکانی کرماشان ٦٧ حاڵەت، ورمێ ٣٣ حاڵەت، سنە ٣٢ حاڵەت و لورستان ٣١ حاڵەت بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هەژاری و بێکاری، هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لەو پارێزگایانە بوون.