ئاماری بێکاری لە کوردستان لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی کرێکار و وتەکانی عەلی یوونسی لە شاری سنە

22:21 - 9 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: دۆخی کرێکاران و بێکاران لە دوو ئوستانی سنە و کرماشان قەیراناوی راگەیەندراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ئوستانی کوردستان بە حەشیمەتی نزیک بە ١.٥ ملیۆن کەسەوە ١٥٠ هەزار بێکاری هەیە، کە ٢٥%ی هێزی چالاکی ئەو ئوستانە لەخۆ دەگرێت.

نوێنەری شارەکانی سنە و کامیاران لە مەجلسی ئێران وێرای ئاماژە بەو رێژەی بێکاریییە، رایگەیاند: بودجەی ئاوەدانکردنەوەی ئوستانی کوردستان بۆ ئەمساڵ، ٥٥٠ میلیارد تمەنە، کە ٢٧٠ میلیارد تمەن لەو بڕە بودجەیە، ئوستانییە.

سەید ئەحسەن عەلەوی، بودجەی حکوومەتی \"سنووردار\" لەقەڵەم‌دا و داوای لە \"خێرخوازان\" کرد، کە لەکاتی گەمارۆکانی سەر حکوومەتی ئێران، \"قۆلی هیمەت بۆ هاوکاریی حکوومەت هەڵبکەن\".

پێشتریش سالار مورادی، نوێنەری دیکەی شاری سنە لە مەجلیسی ئیسلامی بە ماڵپەڕە حکومەتییەکانی راگەیاندبوو: \" کوردستان بە بەراورد ئوستانەکانی دیکەی ئێران بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنێت\".

رێژەی ١٥٠ هەزار بێکار لە ئوستانێکی بچووکی وەکوو کوردستان لە حاڵێکدایە، کە بە بڕوای کارناسان، ئەو رێژەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پیشە لاوەکییە و وەرزییەکانەو خوێندکارانی زانکۆش لەسەرەوەی پلەبەندیی ئەو ئامارانەدان.

پشکی ٦.٣ %ی کار لەکەرتی پیشەیی نیشاندەری سەرمایەگوزاری ئابووریی حکوومەت لە ئوستانی کوردستانە، کە نیشاندەری روانینی ئەمنییەتی حکوومەت لەسەر کوردستان و هاووڵاتییانی کوردە.

\"19699.jpeg\"
دۆخی لاوانی کورد لە ئوستانەکانی دیکەی ئێران و بە تایبەت لە ئوستانی کرماشان، لە دۆخی لاوانی کوردی ئوستانی کوردستان باشتر نییە.

بەرپرسی ژووری کرێکاریی کرماشان، باسی لە ٢٠ هەزار کرێکانی مەیدانی لەو ئوستانە کردووە و رایگەیاندووە: کۆبوونەوە یەک لەدوای یەکەکان، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کیشەکانی کرێکارانی مەیدانی، هیچ ئاکامێکی بەدواوە نەبووە.

جەواد ئەکبەری لەوتوێژێکدا لەگەڵ ئیسنا \"ناشیرینکردنی دیمەنی شار\"، \"رەچاونەکردنی نۆرەی چوونە سەر کار\"، \"نەبوونی سەرچاوەیەک لەکاتی روودانی کێشە و ئاڵۆزی\" و \" دامەزراندنی کەسانی ناخۆجیی لە پرۆژەکان\" بە پاشهاتی رێکنەخستنی کرێکارانی مەیدانی لەقەڵەم داوە.

بەپێی ئەو لێکۆڵینوەوانەی کە ئەنجام دراون، بەهۆی نەبوونی رێکخستنێکی شیاو، هێندێک لەو کرێکارانە لە ماوەی حەوت رۆژی حەفتەدا، تەنیا ٢ جار نۆرەی کاریان بەردەکەوێت.

لەلایەکی دیکەوە، کابینەی یازدەیەم بە بیانووی وتاربێژی حەسەن روحانییەوە لەدانی مۆڵەتی رێپێوانی رۆژی جیهانیی کرێکار (١١ی بانەمەڕ) خۆی بوارد.

بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتانە لەحاڵێکدایە کە عەلی یونسی راوێژکاری حەسەن روحانی بۆ کاوروباری نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان جارێکی دیکە کوردەکانی بە \"شیاوتر، رەسەن تر و ئێرانیترین ئێرانییەکان\" لەقەڵەم داوە و داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی کردووە، کە \"بەرنامەکانی سەرۆک کۆمار لە کوردستان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە\".

حەسەن روحانی پێش لە هەڵبژاردنەکان بەڵێنیی دەستنیشان کردنی هاووڵاتییانی کوردی لە پۆستە حکوومەتییەکان و رەخساندنی هەلی کار و گرینگیدان بەزمانی دایکی (کوردی) بە هاوڵاتییانی کورد، دابوو.