ئاسۆ ڕۆستەمی ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا

14:14 - 14 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی سیاسی _مەدەنی کوردستان لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تاران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەز، ئاسۆ ڕۆستەمی چالاکی سیاسی _ مەدەنی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ئێڤینی شاری تاران کرا.

ناوبراو دانیشتووی شاری تارانە کە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە دوو ساڵ زیندانی حوکم درابوو.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە سیاسیە کوردە، ئاسۆ لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتی لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوو بووتەوە ، بە شێوەیەک کە ئیزنی لە بەرکردنی جلوبەرگێکی موناسبیان بە ناوبراو نەدابوو.

\"\"
ئاسۆ ڕۆستەمی
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئاسۆ ئێستا لە بەندی چواری زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە.

پێشتریش لە سەرەتای خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣دا ئەو چالاکە سیاسییە تەمەن ٢٩ ساڵەیە، کە پێشینەی چالاکی لە بواری مافەکانی منداڵانی هەیە، توشی نەخۆشیی مێشک ببوو.

ئاسۆ ڕۆستەمی، لە نێوەڕاستی مانگی ڕەزبەری ساڵی١٣٩٣ و دوای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە مەبەستی پشتگیری لە \"بەرخۆدانی کۆبانێ\" لە بەرانبەر بنکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەشاری تاران، هاوڕێ لەگەل چالاکێکی دیکەی مەدەنی بەناوی عەلی نووری، دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

دۆسیەی ئاسۆ ڕۆستەمی لە لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەدا لە ٧ ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەم کرایەوە.

لینکی پەیوەندیدار:
لێبووردنی نێونەتەویی پەرۆشی دۆخی ئاسۆ ڕۆستەمییە