ئاسۆ رۆستەمی لەزیندانی ئێوین تووشی سەکتەی مێشک بوو

14:01 - 4 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: ئاسۆ رۆستەمی چالاکی فەرهەنگیی ــ خوێندکاریی کورد کە ماوەی نزیک بە یەک ساڵە لەدەستبەسەریدایە، لەناو زیندانی ئێوینی تاراندا تووشی سەکتەی مێشک هاتووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٣ی خەرمانان چالاکێکی مەدەنی کورد کە لەخۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانی لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەتاران دەستبەسەر کرابوو، مەترسیی گیانی لەسەرە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەناو بەندی ٨ی گرتووخانەی ئێویندا تووشی ئەو رووداوە بووە و رەوانەی بێهداریی ناو زیندان کراوە.

لەو بارەیەوە ماڵپەڕی \" سەحام نیوز\" بڵاوی کردووەتەوە، کاتێک ئاسۆ تووشی سەکتەی مێشک هاتووە هاوبەندییەکانی هەوڵیان داوە زوو بیگەیەنە بێهداری ناو زیندان بەڵام بە هۆی کەمتەر خەمی کێشک و نیگابانی ناو بەندەکە، ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردە بۆ ماوەی نێو کاتژمێر بەو حاڵەوە خراپییەوە لەناو بەنددا ماوەتەوە.

\"28478.jpg\"
ئاسۆ رۆستەمی چالاکی فەرهەنگیی بەندی هەشتی زیندانی ئەوین تووشی سەکتەی مێشک هاتووە
سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پزیشکی بێهداری ناو بەندیخانەی ئێوین سەکتەی مێشکی ئاسۆی تەئید کردووە و سەرەڕای ئەو دۆخەی، رێگریی لەچوونی بۆ پزیشکی دەرەوەی زیندان کراوە.

بەرپرسانی گرتووخانەی ئێوین بە بیانووی ئەوەی کە دۆسیەی پزیشکی ئاسۆ دیار نەماوە، رێگرییان لەرەوانەی کردنی بۆ نەخۆشخانە کردووە، پاساوێک کە لەلایەن هاوبەندییەکانەوە رەت کراوەتەوە.

کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیش ئاسۆ رۆستەمی تووشی خوێنرێژی و هەو کردنی ناو زگی هاتبوو.

ئەو چالاکە فەرهەنگی ــ خوێندکارییە کە تەمەنی ٢٨ ساڵە، ١٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ لە بەردەم دەفتەری نوێنەرایەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەتاران دەستبەسەر کرا.

ئاسۆ بە تۆمەتی \" پڕوپاگەندە بە دژی نیزام لەرێگەی پیکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە\" و \" بی رێزی بە رێبەر\" لەدادگایی کردنێکی ١٥ خولەکیدا بە ٧ ساڵ زیندان حوکم درا.

هاوکات لەگەڵ ئاسۆ، چالاکێکی فەرهەنگیی دیکە بە ناوی \"عەلی نووری\"یش دەستبەسەر کرا کە ئەو هاووڵاتییە هاوشێوەی حوکمی رۆستەمی بۆ بڕاوەتەوە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەک لەدۆخی تەندروستی ئاسۆ رۆستەمی لەبەر دەستدا نیە.

هەواڵی پێوەندیدار:
چارەنووسی دوو چالاكیی فەرهەنگی ـ خوێندكاریی دەستبەسەركراوی كورد نادیارە