ئاستی هۆشیاریی ژینا ئەمینی گەیشتە ٣

11:35 - 24 خەرمانان 2722

ژینا (مەهسا) ئەمینی، پاش چوونە بێهۆشیی درێژەخایەن لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی مەئمورانی گەشتی ئیرشاد لە تاران ئاستی هۆشیاریی گەیشتە ٣.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، ژینا ئەمینی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە یەکێک لە پارکەکانی شاری تاران لەگەڵ براکەی "کیارەش (ئەشکان)"، لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد به باتۆم لێیان دەدرێت و پاش ئازار و ئەشکەنجەیان، ژینا دەسبەسەر دەکرێت و بۆ گرتنگەی "وزرا" لە تاران دەگوازریتەوە.

ژینا ئەمینی پاش چەند کاتژمێر لە گرتنگەی "وزرا" بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی توند و قورسیی برینەکانی، تووشی زەربەی مێشک دەبێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەی "کەسرا" لە شاری تاران دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا ڕایگەیاند: :هەتا کاتژمێر ١٢ شەوی چوارشەممە، پزیشکەکان بارودۆخی جەستەیی ژینایان نالەبار ڕاگەیاندووە و ئاستی هۆشیاریی ئەو کچەیان ٣ ڕاگەیاندووە و هەروەها پزیشکەکان لە باشتربوونی باری تەندروستی ژینا، بێهیوایان دەربڕیووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "باوک و دایکی ژینا لە نەخۆشخانەی کەسرا لەلای کچەکەیانن و ئەو نەخۆشخانەیە بە توندی لە ژێر چاوەدێریی هێزە ئینتزامی و مەئموورانی ئیتلاعاتی دایە. هەروەها مەئموورانی ئەمنییەتی هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە کە مافی وتووێژکردنیان لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات نییە و لە ئەگەری وتووێژکردن کێشەیان بۆ ساز، دەبێت."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەدا، ڕایگەیاند: "کیارەش (ئەشکان) ئەمینی، برای ژینا کە لە کاتی دەسبەسەرکرانی خوشکەکەیدا، لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد بە توندی بە باتۆم لێی درابوو. هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لێ کردووە کە لە وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکان، خۆی ببوێرێ."

ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و دانیشتووی شاری سەقزە. لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشتکردن سەردانی باکووری ئێران دەکەن و پاش گەڕانەوە لە باکووری ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانان، لە تاران لە یەکێک لە پارەکەکانی ئەو شارە، لەگەڵ لیدان و ئازار و ئەشکەنجە و دەسبەسەری، مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، بەرەڕوو دەبێتەوە.