كاسبكارێكی خەڵكی بۆكان بەدەستی هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەت كوژرا

17:27 - 29 جۆزەردان 2712
كوردپا: كاسبكارێكی خەڵكی میراوای بۆكان لەلایەن هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژ و گیانی لێ‌ ئەستێنرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەرسەلان محەممەدی كوڕی رەسووڵ كاسبكارێكی كوردی خەڵكی میراوای بۆكان رێكەوتی 28ی جۆزەردان لە شوێنێك بەناوی \"بەندەنی گۆڵێ\" هەڵكەوتوو لە دەورووبەری شاری رەبەت لەلایەن هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و گیانی لەدەست داوە.

تەرمی ئەو كاسبكارە كوردە گوازراوەتە بۆ میراوای بۆكان و بە خاك سپێردراوە.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دیار نیە كە ئەو كاسبكارە بار و كەلوپەلی پێ‌ بووبێت، بەڵام راستەوخۆ دراوەتە بەر دەستڕێژ و كوژراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كاتژمێر 12ی نێوەڕۆی رۆی چوارشەممە رێكەوتی 24ی جۆزەردان هاووڵاتییەك بەناوی عەباس رەشیدی كوڕی رەشید و خەڵكی گوندی \"سارداو\"ی سەر بەخشی \"نمەشیر\"ی شاری بانە لە شوێنێك بەناوی \"كانی‌زەرد\" لە نزیك 2 كیلۆمیتریی سنوور كەوتۆتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكان و گوللەیەك بەر سەری كەوتووە و بە توندی بریندار بووە.

كۆڵبەرانی كورد بە بەردەوامی لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەیان لێ‌ دەكرێ‌ و زۆر جار لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژی كردنەدا گیانیان لێ‌ دەستێنرێ‌.


بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سەرەتای ساڵی 1391‌وە هەتا ئێستا 11 كۆڵبەری كورد بوونەتە قوربانی.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژیە ٤ كۆڵبەری كورد بەهۆی سەرما و تەقینەوەی مین مردوون و 7 كۆڵبەری دیكەش بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنوورەكانی كوردستان گیانیان لێ‌ ئەستێنراوە و ٦ی دیكەش بریندار كراون.

ئەو رێژەیە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ ئاماری راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.