ئازار و چیرۆكەكانی هەڵەبجە، كرانە فیلمێكی سینەمایی

18:54 - 19 سەرماوەز 2711
كوردپا: فیلمی سینەمایی \"هێلانە سوتاوەكان\" لە سیناریۆ و دەرهێنانی دەرهێنەری كورد \"شەهرام مەسڵەخی\" و لە نواندنی چەند ئەكتەری ناوداری كورد كە چیرۆكی ئازار و خەمەكانی خەڵكی هەڵەبجەیە، كاری وێنە گرتنی كۆتایی پێهات.


بەپێی هەواڵی بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەكانی ئەم فیلمە، ئەكتەرانی كورد \"شوان عەتوف، ژیان ئیبراهیم خەیات، حەمەعەلی خان، مەسعود یوسفی و پەیام نەسیری، رەزا حاجی خوسرەوی، شەهێن جەمال، هەژان هێرش، نەشمیل عەلی بەرزنجی\" و چەندین ئەكتەری بە توانای دیكە، هەروەها ئەكتەرە فارسەكانیش \"شەهرام حەقیقەتدوست، سەحەر قورەیشی، ئیمان سەفا و حشمەت ئارمیدە\" و چەندین كەسی دیكەش تێیدا رۆڵ دەبینن.
ئەم فیلمە لە بەرهەمهێنانی \"مەحمود خەرماندار\"ە و گێڕانەوەی چیرۆكەكانی بەرلە سەردەمی شیمیایی باران و دوای شیمیایی بارانی هەڵەبجەیە كەلە رێگەی گێڕانەوەی بەسەرەهات و روداوەكانی ژیانی عەلی (زمناكۆ) ئەو كوڕەی كەلە كاتی بۆمبارانەكاندا ون دەبێت و ئاوارەی ئێران دەبێت و دوای چەند دەیەیەك دەتوانێت خێزانەكەی خۆی بدۆزێتەوە و بگەڕێتەوە كوردستان.
دەرهێنەر لەبارەی ئەم فیلمەوە دەڵێت: \"ئەم فیلمە دیارییەكە بۆ هەموو خێزانێكی كورد و هەموو بینەرانی كوردستان و جیهان، هەتا چیرۆكی هەڵەبجە لە رێگەی هونەری سینەماوە بگەیەنین پێیان\".
شەهرام مەسڵەخی دەڵێت :\"لەم فیلمەدا عەلی وەك پەتی تەزبێحێكە، كە دەنكەكانی ئەو چیرۆكانەیە كەلە هەڵەبجە و ئێران رویان داوە و عەلی دەبێتە پەتی پەیوەست كردنەوەی چیرۆكەكان بە یەكتر\".
ستافی فیلمەكەش پێكهاتوون لە بەڕێوەبەری وێنە گرتن \"سالم سەڵواتی\"و یاریدەدەرانی وێنەگر \"سەڵاح كەریمی و محەمەد\"، وێنەگری پشت كامێرا \"تالب عوسمان\"، فۆتۆگرافەر \"سۆران نەقشبەندی و پەیام نەسیری\"، یاریدەدەرانی دەرهێنەر \"نیشتمان كەریمی و نەدا قوزاتلو\"، مۆنیتێرەكان \"عەسەل خانی\"، دەنگ هەڵگر \"عەلی رەزا كەریم نەژاد\" و میكیاژ \"كازم شیرازی\"، دیزاینی جل و لۆكەیشنەكان \"مەحمود سادقی\"، بەڕێوەبەری بەرنامەڕێژ \"مەهدی موتەلیبی\"، پێداویستییەكان \"عەلیڕەزا تەمەدون\"، یاریدەدەری بەرهەمهێنەر \"موحسن دانشوەر\" و رێكحستنی پێوەندییەكان \"سارا خورشید قادر\".
بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەكانی فیلمەكە \"سۆران نەقشبەندی\" پێی راگەیاندین:\"كاری وێنەگرتن و دەنگ هەڵگرتنی فیلمەكە تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژ كردن و دانانی مۆزیك دایە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە \"سوهراب خوسرەوی\" كاری مۆنتاژی بۆ بكات كە زۆرێك لە فیلمەكانی \" ئیبراهیم حاتەمی كیا\"ی مۆنتاژ كردووە و پێدەچێت كامكارەكانیش مووزیكی بۆ دابنێن\".
سۆران وتیشی: \"ئەم فیلمە بە هاوكاری و هەماهەنگیی \"بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوانی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای ئەڵوەند سازان\" بەرهەم دەهێنرێت.
بڕیارە لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێم بەنرخی گونجاو لە سینەماكان و هۆڵەكانی نمایش پێشان بدرێت و رەچاوی كات و داهاتی هاوڵاتییانیش دەكرێت و لەو بارەوە پلانی ورودمان داڕشتوە هەتا گشت ئارەزوومەندێك لە هەر توێژێك بێ بتوانێت ئەم فیلمە ببینێت، هەروەها بە هیواین لە زۆرێك لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكانی دونیا و ئەم فیلمە نوێنەرایەتیی سینەمای كوردی و ئازارەكانی هەڵەبجە بكات و چاوەڕوانی ئاكامی گەورەی لێ دەكرێت\".
ئەم فیلمە كە ماوەكەی 90 خولەكە، بەهەر دوو فۆرماتی (HD)و (35)میلیم دەكەوێتە بازاڕەكانی سینەماوە و سیستمی دەنگیەكەشی داڵبی دەبێت.

وێنه: سۆران نه‌قشبه‌ندی