ئازاد کرانی ٥ پاڵێوراوی شۆرای بۆکان بە دانانی بارمتە/ بانگهێشتی ٣کەسی دیکە

19:41 - 7 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژی رابردوو ٥ پاڵێوراوانی شۆرای شاری کە رۆژی چوارشەممە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کران و هاوکات ٣ پالێوراوی دیکەش لەلایەن ئەو ئیدارەیەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٥ کەس لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوون، پاش ١ شەو مانەوە لەو ئیدارەیە بە دانانی بارمتە و هەروەها دانی بەڵێنی لەمەڕ دووپات نەکردنەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، کاتژمیر ١٢ی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە ئازاد کران.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ٥ پاڵێوراوی شۆرای شاری بۆکانی بەناوکانی \"ئەسعەد جەمیانی\" لوقمان سەعیدی، سولەیمان ئیمام زەنبیلی، خوسرەو ساڵحی و محەممەد رەسووڵ‌زادە\"ی بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەتی ٦ی پووشپەڕ ٣ کەسی دیکە لە پاڵیوراوانی شۆرای شاری بۆکان بەناوەکانی \"رەسووڵ چووپانی(شوانە)، ناسر رەزایی فەرد و فەرهاد کامەلایی\" لەسەر بڕیاری راستەوخۆی نوێنەری خەڵکی شاری بۆکان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ئەو ٣ پاڵێوراوەی شۆرای شاری بۆکان لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا ماونەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا \"سابیر فەلەکی\" یەکێک لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی \"زریان\" بڵاو بۆتەوە، ئاماژەی بە ساختەکاریی هەڵبژاردنەکان کردووەو رایگەیاندووە کە خەڵکی بۆکان پێویستە خۆیان لەمەڕ ئەو مەسەلەیە هەڵسەنگاندن بکەن.

پاڵێوراوانی شاری بۆکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە، بۆیە خوازیاری سەرلەنوێ بژاردنەوەی دەنگەکانی شۆرای شاری بۆکان بوون.

پێشتریش رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی جۆزەردان \"رەسووڵ چووپانی\" شاعیر، نووسەر و یەکێک لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان بەهۆی گوێ نەدان بە داوای ئیدارەی ئیتلاعات لەمەڕ خۆ کێشانەوەی لە هەڵبژارادنەکانی شۆرای ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوەو راگیران لەو ئیدارەیە، ئازاد کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە پاڵێوراوانی شۆرای شاری کرماشان لە بەیاننامەیەکدا کە بڵاویان کردۆتەوە، ئاماژەیان بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کردووەو چوارەمین دەوری هەڵبژاردنی شۆراکانیان بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم داوە.