ئازادکرانی چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی روانسەر لە زیندان

14:25 - 25 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری روانسەر پاش ٩ مانگ راگیران لە زیندان و دەستبەسەری، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەبدولکەریم ئەحمەدنەژاد، چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵكی روانسەر، کە حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕابوویەوە، بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، کە مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو، هاوڕێ لەگەڵ ٥ چالاکێکی سیاسیی دیکەی کوردی خەڵکی روانسەر دەستبەسەر کرا، لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان ماوەی ئەو ٩ مانگ زیندانییەی تێپەڕ کردووە.

دەگوترێت، دادگای ئینقلابی شاری روانسەر، تۆمەتی ئەو چالاکە سیاسییە کوردەی ئەندامەتی و چالاکیی تەبلیغی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی راگەیاندووە.

عەبدولکەریم ئەحمەدنەژاد، پاش دەستبەسەر کران ماوەی ٤٥ رۆژ لە ئیتلاعاتی روانسەر راگیرابوو، کە دواتر بۆ بەندی ٥ی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان، کە بەندێکی تایبەت بە تاوانە گشتییەکانە، گوازرابوویەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە، کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری روانسەرەوە حوکمی ٤٢ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.