ئارەش محەممەدی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

10:29 - 19 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئارەش محەممەدی" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی "نەجێ" سەر بە شاری سنە، بە دانانی  بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندان ئازاد کراوە.

ئارەش محەممەدی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شارە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی چورشەممە ٢٩ی بەفرانبار، ئارەش محەممەدی لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری باشماخ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، کرابوو.

ئەو هاووڵاتییه لە شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان خەریکی کرێکاری بوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.