ئارمین شەریفە و هاوژینەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

18:56 - 31 بانەمەڕ 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٣١ی بانەمەڕ، ئارمین شەریفە چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە و هاوژینەکەی بە ناوی "هاوژین لەتیفی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕەزا شەریفە باوکی ئارمین کە لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی سنەیە، لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "مەئموورانی ئیتلاعاتی سپا سەردانی ماڵی منیان کرد و هەوڵی پشکنینی ماڵەکەمیان دا و ڕایانگەیاند کە حوکمی دەسبەسەرکردنی کوڕەکەم ئارمین شەریفە و هاژینەکەیان پێییە کە پاش پشکنینی ماڵەکەم، دەستیان بەسەر هێندێک کەرەستەی کەسی وەک مۆبایل و هێندێک لە کتێبەکاندا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان".

ڕەزا شەریفە لەمەڕ بەدواداچوونەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕ و بووکەکەی ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەوەیکە سەردانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانم کرد، پێیان ڕاگەیاندین کە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئارمین و هاوژینەکەی لەبەر دەستدا نییە".

ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "کوڕەکەم ئارمین نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە، هەر جۆرە مەترسییەک و دڵڕاوەکێیەک کە ژیانی کوڕەکەم بخاتە مەترسییەوە، بەرپرسی ڕاستەوخۆ و دیاری سپای پاسداران و دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە".

ڕۆژی هەینی ٩ی بانەمەڕ، ئارمین شەریفە بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە  کرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.