ئارام مورادیان بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

10:23 - 26 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، ئارام مورادیان هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە شاری سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئارام مورادیان بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەشەمە، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی "ئارام مورادیان" هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" لە دادگای ئینقلابی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

ئەو کۆبوونەوەیە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دادگایی کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، ئارام مورادیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردنی دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، "ئارام مورادیان" پاش ئامادەبوون لە دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگاییەکەی بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری سنە و لەسەر بڕیاری کاتیی دادوەری دادگا دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەر، "ئارام مورادیان" بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتایی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو. ناوبراو پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و لە گرتنی پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ ‌بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کردبوو.