ئارام فەتحی بە تۆمەتی \"تێکدانی بیروڕای گشتیی\" تاوانبار کراوە

22:31 - 24 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری مەریوان بە دانانی بارمتە هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی خەرمانان، ئارام فەتحی، چالاکی مەدەنیی کورد خەڵکی مەریوان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان بە هۆی پشتیوانی کردنی لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان دەسبەسەر و بە \"تێکدانی بیروڕای گشتیی\"تاوانبار کرابوو.

پێشتر، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەرمانان، پاش نزیک بە دوو ساڵ چاوەڕوانی، حوکمی دوو ساڵ زیندانیی تەعزیریی ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە پێداچوونەوەی پێکرا و ئەو چالاکە مەدەنییە لە تۆمەتەوەپاڵدراوەکەی بێتاوان ناسرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای وەرێخستنی کەمپینی نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران و نا بۆ جاددەکانی مەرگ\" لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوان بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا بوو.

ئارام فەتحی بەو تۆمەتە ئاماژە بۆ کراوەی ساڵی ٩٥، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا بوو.

هەروەها ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی \"چوونەدەرەوەی بە شێوەی نایاسایی لە ئێران\" لە لایەن دادگای قودسی شاری تاران بە ساڵێک زیندانی هەڵپسێردراو بۆ ماوەی سێ ساڵ مەحکووم کرابوو و هەتا ئێستا ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی تاوتوێ نەکراوە.

ئارام فەتحی لە چالاکانی ناسراوی مەدەنیی شاری مەریوان بە ئەژمار دێت و هەروەها لە ئەنجومەنی ئەدەبی_فەرهەنگی \"ڤەژین\" خەریکی کاری مامۆستایەتییە بە زمانی کوردی.