ئاخبارین بینی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی گرتووە

16:08 - 5 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: خاک و خۆڵبارین لە پارێزگا و شارەکانی کوردستان دەستی پێکرد، بە جۆڕیک کە کەش و هەوای شاری ئیلام بە هۆی ئەو ئاخبارانەوە قەیراناوی وەسف کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بە هۆی بارین و هاتنی شەپۆڵێک لە خاک و خۆڵ لە پاڕیزگا و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، قوتابخانەکانی شاری ئیلام داخران.

هەواڵدەریی مێهر لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە؛ کێشەی خۆڵبارین ماوە ماوە دەست پێدەکات و لە پێدەشتەکانی وڵاتی عێراقەوە دێت.

دوێنی قوتابخانەکانی شاری مێهران شیفتی بەیانیان بە هۆی خەستیی خۆڵبارینەوە داخران.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هاتنی شەپۆڵێکی نوێی خۆڵبارین بۆ ئاسمانی شاری سەردەشت، کەش و هەوای ئەو شارە لە دۆخێکی نالەبار و مەترسیداردایە و بە جۆرێک ٩ بەرانبەری ئاستی نۆڕماڵە.

ماڵپەڕی خۆجێیی \"بلفت\" لە زاری بەرپرسی ئیدارەی حیفازەتی ژینگەپارێزی شاری سەردەشت ڕایگەیاند: ئاڵوودە بوونی کەش و هەوای ئەو شارە بە هۆی هاتنی وردیلەکانی خاک و خۆڵ ٩٠٠ میگروگرم لە سەر چوار گوشەیە.

هەروەها ئەو شەپۆڵە نوێیە شارەکانی بانە وسەقزیشی گرتبووەوە.

وردیلەکانی تۆز و خۆڵ، بە دەیان جۆری نەخۆشین و بە تایبەت شێرپەنجە بە دوای خۆیاندا دێنن.