ئاخباران پارێزگای کرماشان و شارەکانیشی گرتەوە

20:42 - 27 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: شەپۆڵێکی نوێی تۆزوخۆڵبارین لە پارێزگای کرماشان و شارەکانی سەر بەو پارێزگایە دەستی پێکرد، و لە هێندێک لەو شارانە، بینینی ئاسۆیی هەتا ٣٠٠ میترە.

بەرپرسی ئیدارەی چاوەدێریی ئیدارەی گشتیی ژینگە پارێزی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: کەش و هەوای شاری کرماشان بە هۆی ئەو تۆزوخۆڵ بارینەوە، زۆر نائاسایە و پێش‌بینیش دەکرێت ئەم دۆخە هەتا چەند کاتژمێرێکی دیکەش درێژەی هەبێت.

سورەیا قوربانی لە درێژەدا دەڵێت: نێونجی ١٠ کاتژمێریی، خەستیی دەنکۆڵەی ئەو تۆزوخۆڵە، لە شاری کرماشان، لە کاتژمێری ١ی نێوەشەوەوە هەتا ١٠ی بەیانی، ڕێژەی ٤٨٨ مێکرۆگرەم سێ‏جا بووە.

هەروەها سورەیا قوربانی، ڕۆژەکانی نائاسایی بوونی کەش و هەوای شاری کرماشانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە ٢٥ ڕۆژ ڕاگەیاند.

هەروەها بارینی ئەو شەپۆلە نوێیە لە تۆزوخۆڵ، شارەکانی دەوروبەری کرماشانیشی گرتەوە و لەو پەیوەندییەدا، لە شاری سەرپێڵی زەهاو، ئاستی ڕوونیی بەرچاوی هاووڵاتییان لەو شارە گەیشتووەتە ٣٠٠مێتر.

هەروەها شاری قەسری شیرینش لەو ئاخبارانە بێبەری نەبووە، ئاستی دیتنی ئاسۆیی لەو شارەش ٦٠٠میتر مەزەندە کراوە.

بەڕێوەبەری ئیدارەی کەش ناسیی شاری قەسری شیرین، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: پلەی ئێستای کەش و هەوای شاری قەسری شیرین ٣٢ دەرەجەی سانتیگرادی سەرەوەی سیفرە و شێی هەوای ئەو ناوچە سنوورییە، ٢٠ پلەی سەدیە.

پەرویز نەجەفی لە درێژدا ڕایگەیاند: پێشبینی دەکرێت، زۆرترین پلەی گەرمیی هەوای ئەمڕۆ بگاتە ٤٤ دەرجەی سلسیوس لە سەرەوەی سیفرەوە.

بە وتەی نەجەفی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا، شاری قەسری شیرین ٧٥ ڕۆژ لەگەڵ بارینی تۆزوخۆڵ بەرەوڕوو بووەتەوە.

وردیلەکانی تۆز و خۆل، بە دەیان جۆری نەخۆشین و بەتایبەت شێرپەنجە بە دوای خۆیاندا دێنن و بە وتەی پزیشکەکان، نەخۆشینی شێرپەنجە لە ئوستانی کرماشان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، ڕووی لە زیاد بوون کردووە.