ئاخباران دوو پارێزگای کوردستانی گرتەوە

15:27 - 2 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: شەپۆلێکی نوێی بارینی تۆزوخۆڵ لە دوو پارێزگای کوردستان، داخرانی قوتابخانە و زانکۆکانی شارەکانی ئیلام و کرماشانی بە دواوە بوو.

بەڕێوەبەری ستادی قەیرانی ئۆستانداریی کرماشان، بە هۆکاری پیسبوونی کەش و هەوای ئەو شارە، سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی ئەو شارەی لە ڕۆژی یەکشەممەدا و لە دوو شیفتی بەیانی و دوانیوەڕدا، داخست.

حوسێن باباجانی لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس گوتی: \"بێجگە لە زانکۆ و قوتابخانەکان، سەرجەم ئیدارە و ناوەندە دەوڵەتییەکان، دەوامی ئاسایی ڕۆژانەیان بەڕێوە دەبەن\".

بەرپرسی ئیدارەی کاروباری تاقیگەکانی ژینەپارێزیی کرماشان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: \"هاتنی ئەو شەپۆلی ئاخبارانە، ڕەوشی کەش و هەوای شاری کرماشانی خستۆتە دۆخی ناستانداردەوە\".

سەعدی دێزفوولی ئەوەشی خستەڕوو کە؛ لە ماوەی ٦ کاتژمێردا، ئەو تۆزوخۆڵە لە شاری کرماشان بە ڕێژەی ٩٦٥مێکرۆگرەم سێ‏جا بووە.

پارێزگای ئیلامیش لە ئاخباران بێ‏بەش نەبووە و ئەو شەپۆلە، بووە بەهۆی داخستنی قوتابخانە و زانکۆکانی ئەو شارە.

ئیلام کە لە خۆیدا وەکوو بێ‏ָەׁی‏ترین شوێن بە بەروارد لەگەڵ ئوستانەکانی ڕۆژئاوای ئێران دێتە ئەژمار، ماوە بە ماوە تۆز و خۆڵیش ڕووی تێ‏دەکات.

وردیلەکانی تۆز و خۆل، بە دەیان جۆری نەخۆشین و بە تایبەت شێرپەنجە بە دوای خۆیاندا دێنن و بە وتەی پزیشکەکان، نەخۆشینی شێرپەنجە لە ئوستانی ئیلام بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو ڕووی لە زیاد بوون کردووە.