٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی «ئومید عەزیمی»ی تەمەن ١٧ ساڵ، «تەها سەبزی»ی تەمەن ١٥ ساڵ و «عەلی کەریمی»، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ئاودانان لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئەم شارە لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپالایش، گەیشتە ١٨ کەس. ئەم سێ هاووڵاتییە دوای دەسبەسەرکردن بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، شەوی دووشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٥، «ئومید عەزیمی» مێرمنداڵی ١٧ ساڵ، «تەها سەبزی» مێرمنداڵی ١٥ ساڵ و «عەلی کەریمی» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون. هەروەها بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی «عەلی کەریمی» لە ئاودانان و وێڕای لێدان و ئەشکەنجەدان، لە بەرچاوی بنەماڵەکەیدا دەسبەسەریان کردووە.
دەسبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لە پەیوەندی لەگەڵ «عەلی کەریمی»دا بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی ئەنجام دراوە. هەر سێ هاووڵاتییەکە دوای دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان بڵاو نەکراوەتەوە.ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئاودانان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەم شارە دەسبەسەر کران کە تا ئێستا ناسنامەی ١٢ کەسیان بۆ کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە. ئەم کەسانە بریتین لە: «سینا دەروشی» مێرمنداڵی ١٥ ساڵە، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاهی»، «ئەسغەر ئەکبەری»، «ئارمین سلێمانی»، «بێهنام مورادی»، «پەیمان کەریمزادە»، «شەهرام جاویدانە»، «مەیسەم نەزەری» پەرستار، «محەممەدحوسێن کاویانی»، «حوسێن عەلیزادە» و «حەمید شامحەممەدی». هەروەها «موحسین باویر»یش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرا و دواتر ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون. هەروەها بەهۆی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانە و توندوتیژەکانەوە، نیگەرانییەکی جیددی لەسەر چارەنووس و گیانی ئەم هاووڵاتییانە لەئارادایە.
بەرپرسانی حکوومەتیی پارێزگای ئیلام، لەوانە «ئەسەدوڵڵا چراغی» لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم (سەر بە سپای پاسداران)، دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئاوداناندا ڕەت کردووەتەوە. هاوکات «ئەمرۆڵڵا میسائی» داواکاری گشتیی ئاودانان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی میزان (سەر بە دەزگای دادوەری)، هەڕەشەی لە ناڕازییانی ئاودانان کردووە و ڕایگەیاندووە کە بە شێوەیەکی «لێبڕاوانە» ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە بە وتەی ناوبراو «بە نیازی تێکدانی نەزمی گشتی و ورووژاندنی هەستی خەڵک بن».
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ئەنجامی گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئاودانانی لە وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا. سەدان کەس لە هاووڵاتییان بە وتنی دروشم دژی بەرپرسانی حکوومی، بەرانبەر بە سەرنجنەدان بە دۆخی ڕێگاوبانەکان، بێبەشبوونی ژێرخانی پارێزگای ئیلام و بەڕێوەبردنی خراپ ناڕەزایەتییان دەربڕی. هاوکات، بەشێکی گەورەی بازاڕی ئاودانان بە نیشانەی هاوهەنگاوی لەگەڵ ناڕازییان و بنەماڵەی قوربانییاندا دەستی دایە مانگرتن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاردا جێگیر کران. گردبوونەوەکان تا ئێوارە بەردەوام بوون و ڕاپۆرت لەسەر تێکچوونی بەرچاوی هێڵی ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بەرەو ناڕازییان بڵاو کرایەوە. سەرچاوەکانی کوردپا هەواڵی برینداربوونی چەندین ناڕازیشیان داوە کە لە ترسی دەسبەسەرکردن، خۆیان لە سەردانیکردنی نەخۆشخانە بواردووە.





