لە ماوەی یەکساڵەی نێوان ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٥ تا ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٦ـدا ـ هاوکات لەگەڵ ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات دژ بە توندوتیژی دژی ژنان ـ لانیکەم ١٤٨ ژن و کچ کوژراون؛ لەوانە ١١ حاڵەت کە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە و یا دەرکەوتووە تەمەنیان کەم بووە، لەکاتێکدا زۆرینەی قوربانیان پێگەیشتوو و زۆربەیان خێزاندار، جیابووەوە، خاوەنی پێشینەی هاوسەرگیری/منداڵ هاوسەرگیری یان دایکن. ئەم داتایانە لەسەر بنەمای دۆسییە تۆمارکراوەکان لەلایەن کوردپا و ئەو حاڵەتانەی ئاماژەیان پێ کراوە، لەگەڵ ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە میدیاکانی ژێر چاودێرییی حکوومەت لەوانە «ڕۆکنا» و میدیا حکوومەتییەکانی تر کۆ کراونەتەوە؛ بەڵام نەبوونی ئاماری فەرمیی حکوومەتی، ڕووماڵکردنی ناتەواوی میدیاکانی تایبەت بە ڕوووداوەکان، سڕینەوەی ناسنامە و وردەکارییەکان لە میدیاکانی ژێر چاودێریی حکوومەت، و شاراوە مانەوەی حاڵەتەکان لەژێر سێبەری سانسۆر و پچڕانی هێڵی ئینتێرنێتدا نیشان دەدات کە ئەو ژمارە تۆمارکراوە تەنها بەشێک لە ڕاستییەکەیە.
ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدات کە بەشێکی زۆری ئەم کوشتنانە لەلایەن نزیکترین پیاوانی خێزان یان ناسیاوەکانەوە ـ هاوسەر یان شەریکی سۆزداری، باوک/دایک و باوک/زڕباوک، منداڵ/کوڕ و خزم و ناسیاوانی تر ـ و لەسەر بنەمای ڕەگەزییە کۆنتڕۆڵکارەکان وەک دژایەتیکردن لەگەڵ تەڵاق یان جیابوونەوە، دژایەتیکردن لەگەڵ هاوسەرگیری یان پەیوەندی، گومان، کۆنتڕۆڵ، کێشەی دارایی/مارەیی/جەهیزیە و «نامووس» ڕوویان داوە، لەکاتێکدا لە ڕاپۆرتە فەرمییەکان و میدیاکانی تایبەت بە ڕووداوەکان زۆربەی کات لەژێر ناوە بێلایەنەکەی «کێشەی خێزانی»ـدا دەشاردرێنەوە. لەم نێوانەدا، دۆسییەی ژنان و کچانی کورد ـ لەوانە ١٧ دۆسییە بە وردەکارییەوە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و گێڕانەوەی تەواو ـ بەهۆی بەڵگەنامەمەندکردنی مافخوازانە و بەدواداچوونی تۆڕە کوردییەکانەوە بەرچاوتر ڕەنگدانەوەیان هەبووە و ئەم جیاوازییەی ڕەنگدانەوە نابێت لەگەڵ ڕێژەی ڕهها لە شوێنەکانی تردا تێکەڵ بکرێت. هاوکات، ڕەوتی ئامارە نیوەفەرمییەکان باس لە خێرابوونی نیگەرانکەری توندوتیژیی کوشتندە دەکەن؛ بە جۆرێک کە ڕێژەی تۆمارکراو لە تێکڕای نزیکەی هەر ژنێک لە هەر چوار ڕۆژێکدا لە ماوە پێشووەکانەوە گەیشتووەتە ڕێژەی نزیکەی هەر کەسێک لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە ڕاپۆرتەکانی پاییزی ١٤٠٥دا. لە کۆتاییدا، ئەم ڕاپۆرتە شیکاری دەکات کە چۆن یاسا هەڵاواردنکارەکان، کەمبوونەوەی کاریگەریی سزاکان لە کوشتنەکانی ناو خێزاندا، نەبوونی ڕطژارەکانی پشتگیری، ڕوانگەی ئایدۆلۆژیکی ژێردەستەساز و ئەمنییەتیکردنی چالاکوانیی ژنان، بازنەیەکی داخراو و بێسزا دروست دەکەن کە ڕێگاکانی ڕزگاربوون لەو ژنانە دادەخات کە لە مەترسیدان.
دیمەنی گشتی؛ ١٤٨ ژن و کچی کوژراو؛
- کۆی گشتیی قوربانیانی ژن و کچ: ١٤٨ کەس
- پارێزگا و شارەکان: زۆرترین حاڵەتەکان لە تاران (نزیکەی ٥٦ حاڵەت)، خوراسانی ڕەزەوی (نزیکەی ١٢ حاڵەت)، کوردستان (١١ حاڵەت لە ناوخۆی ئێران و ١ حاڵەت پەیوەندیدار بە خەڵکی مەریوان لە سلێمانیی هەرێمی کوردستان)، ورمێ (نزیکەی ٨ حاڵەت)، کرماشان (نزیکەی ٦ حاڵەت)، فارس (نزیکەی ٦ حاڵەت) و مازەندەران (نزیکەی ٥ حاڵەت) تۆمار کراون و ئەوانی تر لە ئەلبورز، کرمان، سێمنان، گیلان، خووزستان، تەورێز، کۆهگیلویە و بۆیەرئەحمەد، ئیلام، خوراسانی باکوور، سیستان و بەلووچستان، لوڕستان، مەرکەزی، گوڵستان، چوارمەحاڵ و بختياری و چەند شوێنێکی تر بڵاو بوونەتەوە.
- ژێر ١٨ ساڵ و سەروو ١٨ ساڵ / دۆخی هاوسەرگیری: لەنێو قوربانیانی ژن و کچدا، ١١ حاڵەتی ژێر ١٨ ساڵ بە تەمەنی کەم دەبینرێت (لەوانە منداڵانی ورد تا مێردمنداڵانی ١٥ و ١٦ ساڵ) و زۆرینەی قوربانیان پێگەیشتوو (لە ١٨ ساڵەوە بۆ سەرەوە تا تەمەنی پیری)ن؛ لە ڕووی باری هاوسەرگیریشەوە بەشێکی زۆریان ژنی خێزاندار، جیابووەوە، خاوەنی پێشینەی هاوسەرگیری/منداڵ هاوسەرگیری و دایکن و ئەوانی تر سەڵت، دەزگیراندار، لە پەیوەندی یان نادیارن.
- تاوانباران: زۆرترین تاوانباران هاوسەری ئێستا، هاوسەری پێشوو، دەزگیراندار یان شەریکی سۆزدارین و لە دوای ئەواندا باوک/دایک و باوک/زڕباوک، منداڵ/کوڕ، و برا/زڕبرا/زاوا/خزمی تر یان ناسیاو/کەسانی نامۆن.
- هۆکار و بڕیارەکان: دووبارەکراوترین دەستەواژەکان لە ڕاپۆرتەکاندا بەتایبەت میدیاکانی ناوخۆی ئێران بریتین لە «کێشەی خێزانی»، کێشەی دارایی/مارەیی/جەهیزیە/سامان، دژایەتیکردن لەگەڵ تەڵاق یان جیابوونەوە یان هاوسەرگیری یان پەیوەندی/گومان/کۆنتڕۆڵ و «نامووس»، و لە هەندێک حاڵەتدا تووڕەیی/نەخۆشیی دەروونی یان نادیار/لەژێر لێکۆڵینەوەدا، ناویان هێنراوە.
- کوشتنی ئامانجدار لە بەرانبەر کوشتنە خێزانییەکان: نزیکەی ٢٠ تا ٢٤ حاڵەتی کوشتنی چەندقوربانی/خێزانی تۆمار کراوە کە لانیکەم لە ١٠ حاڵەتدا پیاوانیش کراونەتە ئامانج و لانیکەم ٩ تا ١٢ پیاو کوژراون یان کەوتوونەتە بەر تەقە. کوشتنە ئامانجدارەکانی ژنان و کچان بە تیشکخستنە سەر توندوتیژی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژن یان کچ بەهۆی ڕەگەز، داوای تەڵاق/جیابوونەوە، دژایەتیکردن لەگەڵ هاوسەرگیری یان پەیوەندی، کۆنتڕۆڵ، گومان، مارەیی/سامان یان بەرگری ڕوو دەدەن، لە کاتێکدا کوشتنە خێزانییەکان چەند ئەندامێکی خێزان لە ڕووداوێکدا دەگرنەوە و سەرەڕای ئامانجگیرانی پیاوان وەک باوک، باپیر، برا، برای هاوسەر، کوڕ یان سەرایدار، ژنان، کچان و منداڵان بەشی سەرەکیی قوربانیان دەبنەوە و زۆرینەی کات لەژێر سەردێڕی «کێشەی خێزانی»ـدا دەشاردرێنەوە.
کورتەی تایبەتمەندییەکانی ژنکوژیی ١٦ ژن و کچی کورد؛
١. هێلیا فەتاحی (١٩ ساڵ، نایسەری سنە): دوای باسکردنی پەیوەندی لەگەڵ کوڕێکی لاو و سکاڵای دایک و باوک لە دادگادا، لەلایەن دایک و باوکییەوە بە خواردنی حەبی دژەتەشق و لێدان و پاشان خنکاندن بە سەرین کوژرا.
٢. سەوگەند سەیادی (١٦ ساڵ، خەڵکی گیەڵان / نیشتەجیی کیانشاری کرماشان): دوای بانگکرانی باوکی بۆ قوتابخانە، لێدان و گرنگینەدان بە هۆشداریی مەترسیی گیانی، لە ماڵەوە لە نهۆمی پێنجەم فڕێ درایە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.
٣. سەهەیلا مەحموودی (٤٥ ساڵ، گوندی مێهرگانی ڕوانسەر): بە هۆکاری «کێشەی خێزانی» بە لێدانی زۆری چەقۆ لەلایەن براکەیەوە کوژرا.
٤. فریشته مروەتی (٦٥ ساڵ): بەهۆی دژایەتیکردن لەگەڵ هاوسەرگیریی کوڕە ٢٣ ساڵەکەی بە لێدانی چەقۆ لەلایەن ئەوەوە کوژرا.
٥. زەهرا سلێمانی (٣٢ ساڵ، هەرسین): بە ئامانجی «نامووسی» لەلایەن زاوا و خەسووەکەیەوە سەرەتا بە شکاندنی دەست و پێ و پاشان خنکاندن کوژرا.
٦. فاتمه لوتفی (٤٦ ساڵ، گەڕەکی پەردیسی کرماشان): لە کاتی کوشتنی خێزانیدا لەلایەن کوڕە ١٨ ساڵەکەیەوە بە تەقەکردنی چەکی گەرم کوژرا.
٧. زەهرا شەهبازی (٢٦ ساڵ، گەڕەکی پەردیسی کرماشان): لە هەمان ڕووداودا لەگەڵ دایکی لەلایەن برا ١٨ ساڵەکەیەوە بە تەقەکردنی چەکی گەرم کوژرا.
٨. ڕۆشنا نووری (١٥ ساڵ، گوندی سەرهوویە): بە تەقەی فیشەک لە مل لەلایەن زڕبراکەیەوە کوژرا.
٩. جانا سەعدووئی (١٩ ساڵ، گوندی تاریمیشی کۆتۆلی خۆی): بەهۆی لێدانی توندی هاوسەرەکەیەوە کوژرا و بۆ دروستکردنی سێناریۆی خۆکوژی پەنجەکەی بڕدرا و تەرمەکەی هەڵواسرا.
١٠. هانا ڕەکان (١٦ ساڵ، مەسکەنی مێهری دەوڵەت ئاوای کرماشان): دوای لێدان و هەڕەشە لە کاتی خەودا بە تەقەکردنی فیشەکی کوڵت لە بەشی پشتەوەی سەری لەلایەن باوکییەوە کوژرا.
١١. لەتیفه محەممەدزاده (٤٩ ساڵ، خەڵکی سەقز / ڕێگای جاددەی قەرەناو): دوای تەڵاق و هەڕەشە دووبارەکانی هاوسەری پێشووی، لە ڕێگای گەڕانەوە لە کار بە زیاتر لە ٢٠ لێدانی چەقۆ و شکانی ئێسک و چەنە کوژرا.
١٢. لەیلا ئازەری (٣٩ ساڵ، خەڵکی ئاقتەپەی شاهیندژ / نیشتەجێی بۆکان): دوای دژایەتیکردن لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرەملێ بۆ ژیانی هاوبەش لەگەڵ هاوسەری پێشووی، لە کانگایەک لە دەوروبەری بۆکان بە دەستی بەستراوەوە ئەشکەنجە درا و بە لێدانی بەرد لە سەری کوژرا.
١٣. فریشته ڕەحمانزاده (جاددەی کۆنی سەقز - مەریوان): لەگەڵ باوکی لە دوای ناکۆکییەکانی پاش تەڵاق، مارەیی و خاوەندارێتیی باخ و ماڵ بە تەقەکردنی فیشەکی هاوسەری پێشووی کوژران.
١٤. نیلووفەر موجاوری (٢٧ ساڵ، پیرانشار): دوای ١٠ ڕۆژ ڕاگرتن لە دۆخێکی نائینسانیدا، ئەشکەنجە، دەستدرێژیی جەستەیی و ڕەگەزی و بێبەشبوون لە ئاو و خۆراک تووشی مردنی مێشک بوو و گیانی لەدەست دا.
١٥. ئاتووسا جەعفەری (سنە): سەرەڕای سێ ساڵ داوای تەڵاق بەهۆی توندوتیژی، هەڕەشە و بەدواداچوونی هاوسەرەکەی، بەیانیی ڕۆژی ڕووداوەکە لە بەر دەرگای ماڵەکەی بە هەشت جار لێدانی چەقۆ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.
١٦. ماریا حوسێنپەناهی (٣٢ ساڵ، دووگیان، سنە): دوو مانگ پاش هاوسەرگیری و لە کاتی دووگیانیدا، لە ماڵی هاوبەشدا پاش دەمەقاڵێ بە لێدانی قووڵی چەقۆ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا و کۆرپەکەشی لەناو چوو.
١٧. خاترە (ئاوات) (خەڵکی مەریوان / کوژراو لە سلێمانیی هەرێمی کوردستانی عێراق): دوای هەڕەشە دووبارەکان و سکاڵای پێشووی، بە تەقەکردنی چوار فیشەک کوژرا.
دەنگە بەدواداچوونکراوەکان؛ هۆکاری بەرچاوبوونی دۆسییەی ژنانی کورد لە بەراورد لەگەڵ ئاماری ١٤٨ ژن و کچی کوژراو لە ئێران؛
- خاڵی دەستپێکی بڵاوکردنەوە و تۆڕە کوردییەکان: هەواڵی ئەم دۆسییانە زۆربەی جار لە یەکەم هەنگاودا لە ڕێکخراو و میدیا مافخوازەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییە کوردییەکاندا بڵاو کراونەتەوە و بەدواداچوونیان بۆ کراوە؛ ژینگەیەک کە بەهۆی پێکهاتەی پەیوەندیی خۆجێیی، بەدواداچوونی بنەماڵەکان و هەستیاری بەرانبەر بە ژنکوژی و منداڵ هاوسەری، بەستێنێکی خێراتری بۆ تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵ دەستەبەر کردووە.
- هەبوونی وێنە و وردەکاریی گێڕانەوەیی: لەم دۆسییانەدا زۆرینەی جار وێنەی قوربانییان بڵاو کراوەتەوە (وێنەی ١٦ کەس هەیە و تەنها وێنەی کەسێک نییە)، ڕاپۆرتەکان لەگەڵ وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە پێشینەی توندوتیژی، گوشارە خێزانییەکان یان یاساییەکان، دۆخی منداڵان و ڕەوتی لێپێچینەوە یان ڕاکردنی تاوانبار هاتوون.
- کاریگەری لەسەر ڕەنگدانەوە لە میدیا فەرمییەکانی ناوخۆی ئێران: هەواڵنێریی بەرفراوان لە فەزای کۆمەڵایەتی و میدیا مافخوازەکاندا هەندێک جار پەستانی ڕای گشتی و سەرنجی میدیایی تا ئەو ڕادەیە بەرز کردووەتەوە کە میدیاکانی ناوخۆی ئێران ـ لەژێر چاودێرییەکانی حکوومەتدا و بە ڕەچاوکردنی سنووردارکردنەکانی نووسینی خۆیان ـ ناچار بە ڕەنگدانەوە یان گرنگیدان بە زۆرینەی حاڵەتەکان بوون.
- جیاوازیی نێوان «فراوانیی ئاماری» و «ڕێژەی ڕەنگدانەوە و گێڕانەوەسازی»: هەمان بەدواداچوونی بەرچاو و گێڕانەوەسازیی ورد در میدیا کوردی و مافخوازەکاندا دەتوانێت ئەم بیرۆکەیە دروست بکات کە ڕێژەی ژنکوژی لەناو ژنانی کورددا بە شێوەیەکی ڕهها لە شوێنەکانی تر بەرزترە؛ لەکاتێکدا سەیرکردنی کۆی ١٤٨ ژن و کچی کوژراو نیشان دەدات کە زۆرێک لە کوشتنەکانی ژنان لە پارێزگاکانی تردا ـ بەتایبەت لە ڕاپۆرتی ڕووداوە فەرمییەکان یان کورتەکاندا ـ یان بێناسنامە، بێوێنە و بە ناوی گشتیی «کێشەی خێزانی» بڵاو دەبنەوە و کەمتر گێڕانەوەی تەواو و بەدواداچوونی بەردەوام بەدەست دێنن. بۆیە، جیاوازیی نێوان ئەم دۆسییانە و کۆی ئاماری ١٤٨ کەس زیاتر لەوەی تەنها بەهۆی نەبوونی توندوتیژی لە ناوچەکانی تردا بێت، دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزیی بەڵگەنامەسازی، بڵاوکردنەوەی وێنە، گێڕانەوەی ورد و بڵاوکردنەوەی بەردەوام.
شیکاریی ڕووماڵی ژنکوژی لەژێر سێبەری ڕوووداوەکاندا؛ کەلەبەرەکانی میدیا حکوومەتییەکان (بە تەوەری «ڕۆکنا») و لێکەوتەکانی؛
لەناو میدیا ناوخۆییەکانی ژێر چاودێریی حکوومەتدا، بنکەی هەواڵدەریی «ڕۆکنا» زۆرترین ژمارەی ڕووماڵی کوشتنی ژنانی لە قاڵبی «لاپەڕەی ڕووداوەکان»دا هەیە؛ بە جۆرێک کە لە ١٤٨ ژن و کچی کوژراو لە کۆی داتاکان، بێجگە لە ١٤ حاڵەت، بڕگەکانی تریان لە ڕۆکنادا یان بە ڕەنگدانەوەی ئەوە بڵاو بوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕووماڵە نەک تۆمارێکی بەڵگەنامەیی بۆ «ژنکوژی» نییە، بەڵکەو نیشاندانێکی ناتەواو و وەک ڕووداوە کە لەگەڵ کەلەبەری جیددی و لێکەوتەی قووڵدا تێکەڵ بووە؛
١. کەلەبەرە پێکهاتەییەکان لە ڕاپۆرتەکانی ڕۆکنا و میدیا هاوسۆزەکاندا
- بێناوکردن و سڕینەوەی ناسنامە: قوربانیان لە زۆرینەی ڕاپۆرتەکاندا بێ ناو، بێ وێنە و بێ پشینیەی تاکەکەسی، بە ناونیشانی تەمومژاوی وەک «ژنێکی لاو»، «بووکی نوێ» یان «ژنێکی ٣٨ ساڵە» بچووک دەکرێنەوە.
- سڕینەوەی بەستێنی توندوتیژی و پێشینەی دۆسییە: سەرنجی تەنیا لەسەر کاتی کوشتن و دانپێدانانی سەرەتایی تاوانبار، پێشینەی توندوتیژیی خێزانی، سکاڵا وڵامنەدراوەکانی قوربانی، منداڵ هاوسەری و لەمپەرە یاساییەکانی تەڵاق دەشارێتەوە.
- سەردێڕە هەستیارەکان و زەردنووسی: گەورەکردنی ئامراز و شوێنی کوشتن لە جیاتی ڕیشەکانی توندوتیژیی ڕەگەزی، کارەساتەکە دەگۆڕێت بۆ هەواڵێکی تاوانکاریی ڕۆژانە و بەکارهێنراو.
- ڕووماڵکردنی هەڵبژاردەیی و نەبوونی بەدواداچوونی دادوەری: ڕۆکنا هەموو حاڵەتەکان ڕووماڵ ناکات، لەو دۆسییانەدا کە وردەکارییان هەیە زۆرینەی کات شوێنکەوتووی شەپۆلی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا مافخوازەکانە، و ڕاپۆرتەکان لە قۆناغی دەسبەسەرکردندا بەجێ دێڵێت؛ بێئەوەی چارەنووسی دادگا، کەمکردنەوەی سزا بۆ بکوژە مەحرەمەکان یان ڕەزامەندیی زۆرەملێ بەدواداچوون بکات.
- بێنەزمی لە تۆمارکردنی داتادا: دووبارەبوونەوەی نەخوازراوی هەندێک هەواڵ، تۆمارکردنی «منداڵ» بێ ئاماژەکردن بە ڕەگەز و جیانەکردنەوەی کوشتنی ئامانجداری ژنان لە کوشتنە خێزانییەکان، نیشاندەری نەبوونی هەرچەشنە ستانداردێکی بەڵگەنامەسازییە.
٢. لێکەوتەکان: ئاساییبوونەوەی توندوتیژی و کەلەبەری ئیرادەی حکوومەتی
- بچووککردنەوەی قەیرانی پێکهاتەیی بۆ «کێشەی خێزانی»: پاڵپشتیکردنی کوشتنەکان بۆ «جیاوازیی خێزانی»، «گومان» یان «تووڕەیی کاتی»، ڕیشەکانی یەکساننەبوونی ڕيگەزی و یاسا هەڵاواردنکارەکان دەشارێتەوە و تاوانەکە بچووک دەکاتەوە بۆ مەسەلەیەکی کەسی.
- نەبوونی ئاماری فەرمی و بەرنامە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە: بڵاونەبوونەوەی هیچ ئامارێکی فەرمی و ڕوون لەلایەن ناوەندە حکوومەتی و دادوەرییەکانەوە نیشان دەدات کە حکوومەت ژنکوژی وەک قەیرانێکی لەپێشینە ناناسێت و ئیرادەیەک بۆ پێشگرتن، چاکسازیکردنی یاساکانی دژەژن یان دروستکردنی پشتگیریی کاریگەر نییە؛ لە کاتێکدا هاوکات لەگەڵ قەیرانە ئابوورییەکان، پەستانی گوزەران و سەرکوتی سیاسی، توندوتیژیی خێزانی بە تینی زیاتر دووبارە بەرهەم دەبێتەوە.
- کارەساتی شاراوە لە سایەی سانسۆر و پچڕانی هێڵی ئینتێرنێتدا: ئامارە میدیاییەکان تەنیها بەشی ئاشکرای قەیرانەکەن. لە ماوەی درێژترین ماوەی پچڕانی هێڵی ئینتێرنێت لە ساڵی ڕابردوودا، ئاگادارکردنەوەی خۆجێیی و مافخوازانە تووشی تێکچوون بوو و هەرگیز دیار نەبوو کە چەند ژنکوژی لەو ماوەیەدا ـ تەنانەت لە قاڵبی هەواڵێکی کورت و بێناودا ـ هەرگیز میدایی نەکراون. لەلایەکی ترەوە، ڕووماڵی ناتەواوی میدیاکانی ڕووداوەکانیش بەشێک لە ڕاستییەکە بەجێ دێڵێت؛ وەک ئەوەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی «شەرق» (بڵاوکراوە لە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بە ڕەنگدانەوە لە «ڕووداو٢٤») نیشانی دا کە تەنها لە ماوەی دوو مانگدا (١ی خەرمانان تا کۆتایی ڕەزبەری ١٤٠٥)، لانیکەم ٢٨ دۆسییەی ژنکوژی تۆمار کراوە کە تێیدا ٣٨ ژن و منداڵ ـ بە تێکڕا هەر دوو ڕۆژێک کەسێک ـ لەلایەن پیاوانی خێزانەوە کوژراون و زیاتر لە یەک لەسەر سێی قوربانیان (١٣ کەس) منداڵ و مێردمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ بوون ـ ژمارەیەک کە قەبارە ڕاستەقینە و ڕوو لە گەورەبوونی قەیرانەکە ئاشکرا دەکات.
لە خێرابوونی ژنکوژییەوە تا سەردانی ڕۆژانەی ١٤٣ ژن بۆ پزیشکی دادوەری؛ وێنەی ئاماریی توندوتیژیی کوشتندە و خێزانی دژی ژنان؛
داتا نیوەفەرمی و فەرمییە بڵاوکراوەکانی ناو میدیا ناوخۆییەکان نیشان دەدەن کە قەیرانی توندوتیژیی خێزانی دژی ژنان لە دوو ئاستی «کوشتنی زنجیرەیی لە ناو خێزاندا» و «هاوسەرئازاریی ڕۆژانە»دا بە خێراییەکی نیگەرانکەرەوە لە پەرەسەندندایە.
١. خێرابوونی ژنکوژی لە ئامارە نیوەفەرمییەکاندا؛ لە «هەر چوار ڕۆژێک کوشتنێک» بۆ «هەر دوو ڕۆژێک کوشتنێک»
- ڕەوتی درێژماوە (١٤٠٠ تا خەزەڵوەری ١٤٠٤): لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وێبسایتی «ڕووداو٢٤» لە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٥ بە گێڕانەوە لە ئامارە فەرمییەکانی پۆلیسی ئاگاهی و توێژینەوە مەیدانییەکان، ژنکوژی لە سەرووی کوشتنە خێزانییەکاندایە و نزیکەی ١٥ لەسەدی کۆی کوشتنەکانی وڵات بە هۆکاری ناسراو بە «نامووسی» ڕوو دەدەن. تۆمارکردنی لانیکەم ١٦٥ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی دوو ساڵدا (جۆزەردانی ١٤٠٠ تا ١٤٠٢) ـ بەرانبەر بە تێکڕای کوشتنی ژنێک لە هەر چوار ڕۆژێکدا ـ و بەردەوامبوونی بە تۆمارکردنی لانیکەم ٦٣ حاڵەتی تری تا خەزەڵوەری ١٤٠٤ نیشان دەدات کە ژینگەی ماڵ بۆ زۆرێک لە ژنان نە پەناگەیەکی ئەمین، بەڵکوو ناوەندی کوشتندەترین توندوتیژییەکانە؛ توندوتیژییەک کە زۆرینەی جار لەلایەن نزیکترین پیاوانی خێزانەوە (هاوسەر، باوک یان برا) ڕوو دەدات بەڵام لە سەردانی فەرمی و میدیاکاندا زۆرینەی کات لەژێر سەردێڕی بێلایەنی «کێشە خێزانییەکان»ـدا دەشاردرێتەوە.
- توندبوونەوەی قەیران لە پایزی ١٤٠٥ (خەرمانان و ڕەزبەری ١٤٠٥): لە درێژەی ئەم ڕەوتە بەرزبووەوەیەدا، لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەی «شەرق» (بڵاوکراوە لە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بە ڕەنگدانەوە لە «ڕووداو٢٤») نیشانی دا کە تەنها لە ماوەیەکی دوو مانگەدا لە ١ی خەرمانان تا کۆتایی ڕەزبەری ١٤٠٥، لانیکەم ٢٨ دۆسییەی ژنکوژی لە میدیاکاندا تۆمار کراوە کە لە درێژایی ئەوەدا ٣٨ ژن و منداڵ ـ بە شێوەی تێکڕا هەر دوو ڕۆژێک کەسێک ـ لەلایەن پیاوانی خێزانەوە کوژراون و زیاتر لە یەک لەسەر سێی قوربانیان (١٣ کەس) منداڵ و مێردمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ پێکدەهێنن. بەرفراوانیی ئەم کارەساتانە لە شارە گەورەکانی وەک تاران، مەشهەد، ئێسفەهان و تەورێزەوە تا شارەکانی وەک کرماشان، دێهلوڕان و قێشم، لەگەڵ شێوازەکانی وەک سەربڕین، بەزیندوویی سووتاندن، پارچەپارچەکردن و سێناریۆسازیی «خۆکوژی»، نیشاندەری قووڵایی قەیرانێکە کە بنەمای لە لێخۆشبوون و کەمکردنەوە یاساییەکان بۆ بکوژە مەحرەمەکان (لەوانە بڕگەکانی ٣٠١ و ٦١٢ی یاسای سزادانی ئیسلامی)، دواکەوتنی چەندساڵەی حکوومەت لە پەسەندکردنی یاسا بەرگریکارەکان و نەبوونی پەناگەی ئەمن بۆ ژنان و منداڵانی مەترسیداردایە.
٢. سەردانی ڕۆژانەی ١٤٣ ژن بۆ پزیشکی دادوەری و گەشەی هاوسەرئازاریی دەروونی؛
لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی بنکەی هەواڵدەریی «ئێکۆئیران» لە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بە گێڕانەوە لە نوێترین داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە بەهاری ١٤٠٥دا زیاتر لە ١٣ هەزار پشکنینی پەیوەندیدار بە هاوسەرئازاری تۆمار کراوە کە بەرانبەرە بە سەردانی ڕۆژانەی ١٤٣ ژن بۆ پزیشکی دادوەری و بەراورد بە زستانی ساڵی پێشوو بازدانێکی ٣٦ لەسەدی نیشان دەدات. هەرچەند بەراوردی ساڵانە (١٤٠٣ بۆ ١٤٠٤) و وەرزەی لەگەڵ بەهاری ساڵی ڕابردوودا لە کەمبوونەوەی ڕواڵەتیی دۆسییە تۆمارکراوەکانی توندوتیژیی جەستەیی و بەرانبەر بە ئەوە، گەشەی بەرچاوی ڕاپۆرتەکانی هاوسەرئازاریی دەروونی دەخاتە ڕوو، بەڵام شارەزایانی حقووقی جەخت دەکەنەوە کە ئەم دابەزینە ڕواڵەتییە بە مانای کەمبوونەوەی ڕاستەقینەی توندوتیژی نییە؛ چونکە گوشارە کۆمەڵایەتییەکان، مەبەستە خێزانییەکان، ترسنۆکی لە توندبوونەوەی هەڕەشە و نەبوونی پشتگیریی کاریگەر، ڕێگری لە سەردان و سکاڵای بەشی زۆری قوربانییان دەکەن و ئامارەکانی پزیشکی دادوەری تەنها بەشێکی بچووکی ڕاستی شاراوەی توندوتیژیی خێزانی ڕەنگدانەوە دەدەن.
بازنەی داخراو؛ تێکەڵاوبوونی حقووقی، ئایدۆلۆژیکی و ئەمنییەتیی ژنکوژی لە ئێران؛
لەسەر بنەمای شیکارییەکانی چالاکانی مافی ژنان، لێکۆڵەرە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاپۆرتەکانی ناوەندە مافخوازەکان، ژنکوژی لە ئێراندا ڕووداوێکی پەرشوبڵاو یان دەرئەنجامی «جیاوازییە کەسییەکان» نییە؛ بەڵکوو بەرهەمی تێکەڵاوبوونی پێکهاتەیەکی ڕێکخراوە کە تێیدا یاسای هەڵاواردنکار و دژەژن، نەبوونی ناوەندە پشتگیریکەرەکان، گوتاری ئایدۆلۆژیکی حکوومەت و سەرکوتی ئەمنییەتیی چالاکان، وەک بازنەکانی زنجیرەیەک بە یەکەوە قفڵ بوون و لە ڕاستیدا هەر ڕێگایەک بۆ دەرچوون و پەناگەیەک بۆ ژنانی مەترسیدار دەبەنە بنبەستەوە.
١. کەلەبەرە یاساییەکان و کەمبوونەوەی کاریگەریی سزا لە کوشتنەکانی ناو خێزاندا
لێکۆڵەرە حقووقی و داکۆکیکارانی مافی ژنان لەسەر ئەو باوەڕەن کە پێکهاتەی سزادان و مەدەنی لە ئێراندا لە هەندێک حاڵەتدا نەک تەنها کاریگەریی بەرگریکاری پێویست لە بەرانبەر توندوتیژیی خێزانیدا دروست ناکات، بەڵکوو بەستێن بۆ بێبەشبوون یان کەمکردنەوەی سزا بۆ تاوانباران دەستەبەر دەکات:
- بێبەشبوون و کەمکردنەوەی سزا بۆ پیاوانی خێزان: بەپێی بڕگەکانی ٣٠١ و ٦١٢ی یاسای سزادانی ئیسلامی، باوک و باپیر (لە باوکەوە) لە کاتی کوشتنی منداڵدا لە سزای قیساس بێبەشن و سزای داسەپاوی دیاریکراویش لەگەڵ سزای کوشتنی بەئەنقەست لە حاڵەتەکانی تردا جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. هەروەها لەو حاڵەتانەی کە خێزانی کوژراو هەمان خێزانی بکوژن (وەک منداڵە بچووکەکان یان دایک و باوکی هاوسەر)، بازنەی ڕەزامەندی و لێخۆشبوون لە کردەوەدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەیەکی توندی سزای بکوژ.
- نەبوونی یاسا پشتگیریکەرەکان و لەمپەرەکان بۆ دەرچوون لە پەیوەندییە مەترسیدارەکان: دواکەوتنی چەندساڵە لە پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاسای گشتگیر و بەرگریکار بۆ قەدەغەکردنی توندوتیژی دژی ژنان، نەبوونی پەناگەی ئەمین و دەستڕۆیشتوو، و لەمپەرە ئاڵۆزە حقووقییەکان لە بەرانبەر مافی تەڵاق، سەرپەرستی و سەربەخۆیی دارایی ژناندا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە ژنانی ژێر مەترسی توانای دەرچوونیان لە ژینگەی توندوتیژدا نەبێت.
٢. دووبارەبەرهەمهێنانی ئایدۆلۆژیکی ژێردەستەیی و بێبایەخکردنی هەواڵی
ڕەخنەگرە کۆمەڵایەتییەکان و شیکارانی بواری ڕەگەز جەخت دەکەنەوە کە کاتێک پێناسەی فەرمی لە پێگەی ژن لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا لەسەر بنەمای پلەبەندیی ڕەگەزی و ژێردەستەیی پێناسە و ئاسایی دەبێتەوە، ئەم ڕوانگەیە بۆ سەر تەواوی لایەنەکانی سیاسەتدانان، پەروەردە و میدیا دەچێتە پێشەوە:
- ئاساییبوونەوەی توندوتیژی لە گوتاری فەرمی و میدیاییدا: لە میدیاکانی ژێر چاودێریی حکوومەتدا، کوشتنی ژنان زۆرینەی کات بێناو و بێناسنامەی قوربانی و بە ناونیشانی بێلایەن و تایبەتکراوەکەی وەک «کێشە خێزانییەکان» یان «هۆکاری نامووسی» ڕووماڵ دەکرێن. ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم شێوازە لە گێڕانەوەسازی، توندوتیژیی پێکهاتەیی دژی ژنان لە قەیرانێکی گشتی و حقووقییەوە بچووک دەکاتەوە بۆ ڕووداوێکی کەمبایەخ و ڕۆژانە.
٣. ئەمنییەتیکردنی چالاکیی ژنان و تێچووی بەرەنگاربوونەوەی ژنکوژی
ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە مافخوازەکان و چالاکانی مەدەنی نیشان دەدەن کە کاردانەوەی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بەرانبەر بە هەوڵە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژنکوژی، زۆرینەی کات لەگەڵ ڕوانگەی ئەمنییەتیدا هاوڕێیە:
- هەڵسوکەوت لەگەڵ چالاکان و ناڕازییان: چالاکانی مافی ژنان و هاووڵاتییانی کە بۆ دادخوازی، ئاگادارکردنەوە یان ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە کوشتنە نامووسییەکان و ژنکوژی هەنگاو دەنێن، تووشی بانگکردن، دروستکردنی دۆسییە و دەسبەسەرکردن دەبنەوە. بۆ نموونە، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە مافخوازەکان، لە پاش کوشتنی سەوگەند سەیادی (کچی ١٦ ساڵە لە کرماشان)، ژنێک بە ناوی سارا کازمی بەهۆی پشتگیریکردن لە بانگەوازی ناڕەزایەتیدەربڕین لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دۆسییەیەدا دەسبەسەر کرا؛ نموونەیەک کە نیشان دەدات تەنانەت کاردانەوەی مەدەنی بەرانبەر بە مەرگی مێردمنداڵێکیش ڕووبەڕووی تێچووی ئەمنییەتی دەبێتەوە.
٤. ستەمی زیادە لەسەر ژنان لە ناوچە پەراوێزخراوەکان و گرووپە کەمینەکان
- برینداربوونی زیاتر لە ناوچە کەمترگەشەسەندووەکاندا: ژنان لە پارێزگا و ناوچە پەراوێزخراوەکان و گرووپە کەمینە ئێتنیکی و مەزهبییەکاندا ڕووبەڕووی چینەکانی هاوکاتی هەڵاواردنی پێکهاتەیی، گەشەنەسەندنی ئابووری، هەژاریی پەروەردەیی و کەلەبەری ناوەندە پشتگیریکەرەکان دەبنەوە. ئەم دۆخە هم دەستڕاگەیشتنیان بە پشتگیرییە حقووقی و کۆمەڵایەتییەکان سنووردارتر دەکات و هم تێچووی بەرەنگاربوونەوەی نەریتە پیاوسالارییەکان و توندوتیژیی خێزانییان بۆ قورستر دەکات.
ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازاده





