۳ی سەرماوەزی ۱۴۰۵؛ «موراد محەممەدی»، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی «ئاودانان» و نیشتەنی دێهلوڕان، ئەندازیاری عومران و پەیمانکاری باڵەخانە، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات» و لەسەر بنەمای بڕگەی ۵۰۰ی یاسای سزادانی ئیسلامی و بڕگەی توندترکردنی سزای ئەم بڕگەیە، سەرجەم بە ٤ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە. ناوبراو کە لە شەش مانگی ڕابردووەوە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کراوە، ئێستا سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لەم بەندیخانەیە. بڵاوکردنەوەی ستۆری لەسەر شوناس کوردی و جلوبەرگی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یەکێک لەو نموونانە بووە کە وەک تۆمەت وەپاڵی دراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، «موراد محەممەدی» لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «پەناهی»، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات» و لەسەر بنەمای سزاکانی توندکراو لە چاکسازییەکانی بڕگەی ۵۰۰ی یاسای سزادانی ئیسلامی (پلەی پێنجەم)، بە ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە. هەروەها، ناوبراو بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوەڕۆکی پەیوەندیدار بە «شوناسی کوردی» و «جلوبەرگی کوردی»، کە وەکوو تۆمەت دژی ئەو لەبەر چاو گیراون، بۆ ماوەی ٧ مانگی تریش بە بەندکران سزا دراوە. ئەم بەشە لە سزاکە دەکرێت لە چوارچێوەی سزای پەیوەندیدار بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات» (پلەی شەشەم)دا بێت. سزای دەرچوو لە ڕەشەمەی ۱۴۰۴ بەو ڕاگەیەندراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «موراد محەممەدی» لە جۆزەردانی ۱۴۰۵ بانگهێشتنامەیەکی بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانی داسەپاو وەرگرتووە و دوای ئەوەش بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی يوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کراوە. هەروەها، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی مورەخەسی یان کەمکردنەوەی ماوەی سزاکەی تا ئێستا بێئەنجام ماوەتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا باسیان لە دۆخی دەروونیی نالەباری ناوبراو لە ماوەی بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدا کردووە و جەخت لەسەر پێویستیی دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە دەروونییەکان دەکەنەوە.
بە سەرنجدانی نەبوونی وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە چۆنیەتیی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە و هەروەها بنەماکانی دەرکردنی حوکم و چۆنیەتیی سەپاندنی سزاکانی دیاریکراو بۆ تۆمەتە باسکراوەکان، کوردپا لە کاتی دەستڕاگەییشتن بە زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ڕەوتی دەسبەسەرکردن و وردەکاریی زیاتری دۆسییەکە، لەوانە سەرەڕۆیانەبوونی دەسبەسەرکردن یان تەنا پێکهێنانی دۆسییەی یاسایی بۆ ناوبراو، ئەم بەشە لە ڕاپۆرتەکە نوێ دەکاتەوە.





