١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، «پووریا سەعیدی»، لاوی ٣٠ ساڵانی خەڵکی سنە و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی «شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران» کە زیاتر لە ٣ مانگ لە گرتنگەدا بە شێوەی سەرەڕۆیانە ڕاگیرابوو، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و لەسەر بنەمای یاسای قورسکردنی سزای ئەم تۆمەتە، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سزای نەختیی بەسەردا سەپا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند کە «پووریا سەعیدی» لەلایەن یەکێک لە لقی دادگای ئینقلابی سنەوە، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و بەپێی ڕێساکانی پەیوەندیدار بە قورسکردنی سزای ئەم تۆمەتە، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سزای نەختیی بەسەردا سەپاوە. ئەم ڕێسایانە سزای قورستری تا پلەی چوارەم و سزای نەختی بۆ ئەم تۆمەتە لەبەرچاو دەگرن.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکەی کوردپا، دادگای پێداچوونەوە بەم دۆسییە ئەمنییەدا بە بێ ئەوەی ناوبراو مافی هەڵبژاردنی پارێزەری دڵخوازی هەبێت بەڕێوە چووە؛ چونکە دەزگای دادوەری پێی ڕاگەیاندبوو کە مافی هەڵبژاردنی پارێزەری دڵخوازی نییە و دەبێت یەکێک لەو پارێزەرە دەسنیشانکراوانەی حکوومەت هەڵبژێرێت. پووریا سەعیدیش پێی باش بووە کە هیچ پارێزەرێکی دەستنیشانکراوی حکوومەتی لە دۆسییەکەیدا ئامادە نەبێت.

«پووریا سەعیدی» لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ و لە ناوەڕاستی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو دوای زیاتر لە سێ مانگ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، لە خەرمانانی ١٤٠٥دا بە بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، ئەو لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا، تەنیا چەند جارێک بۆی هەبووە پەیوەندییەکی کورتی تلفۆنی ئەنجام بدات و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. 

دەسبەسەرکرانی «پووریا سەعیدی» یەکێک لەو حاڵەتانە بووە کە پێشتر ڕانەگەیندرابوو و هەواڵی دەسبەسەرکردن و سزادانی بۆ یەکەمجارە کە بڵاو دەبێتەوە.

قورسکردنی سزای تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لەسەر بنەمای یاسای پەسەندکراوی ڕێبەندانی ١٣٩٩، لە ڕێگەی زیادکردنی بڕگەی ٥٠٠ی دووبارە بۆ پەڕەی پێنجەمی یاسای سزادانی ئیسلامی ئەنجام دراوە. لەسەر بنەمای ئەم بڕگەیە، لە بارودۆخێکدا کە چالاکییە پڕوپاگەندەییەکان دژی نەتەوە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکان، لە ڕێگەی ڕێگاچارەکانی ڕاگەیاندن، فەزای مجازی یان بە ڕێکخستنی تایبەت ئەنجام بدرێن، ئەم تۆمەتە کە پێشتر سزاکەی سێ مانگ تا یەک ساڵ بەندکران بوو، دەکەوێتە ژێر سزای قورسترەوە، لەوانە بەندکرانی پلەی چوارەم و سزای نەختی. ئەم گۆڕانکارییە دەرفەتی بۆ دادگاکانی ئینقلاب دابین کردووە تا لەم جۆرە دۆسییانەدا حوکمی قورستری بەندکران دەر کەن.