٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «کەیوان ڕەسووڵیئازەر»، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و وێنەگری سروشت، کە پێشتر لە سەرماوەزی ١٤٠٤دا دەسبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابەوە سزای بەندکردنی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی شەممە ٢ی خەزڵەوەری ١٤٠٥، «کەیوان ڕەسووڵیئازەر» بۆ جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکردنی داسەپاو دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواستراوەتەوە. ناوبراو پێشتر ئاگادارییەکی لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی شنۆوە پێگەیشتبوو کە تێیدا داوای لێکرابوو بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی خۆ بە بەندیخانە بناسێنێت.
«کەیوان ڕەسووڵیئازەر» لە کۆتایی خەرمانانی ١٤٠٥دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شنۆوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی ئەنساری، بە تۆمەتی «ناردنی زانیاری بۆ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات» و بەپێی ماددەی ٥٠٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، بە ناونیشانی «هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەر»، سزای دوو ساڵ بەندکردنی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەم سزایە لە ڕەزبەری ١٤٠٥دا و بەهۆی ناڕەزایەتیی ناوبراو، بۆ یەک ساڵ بەندکردنی داسەپاو کەم کرایەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشکردنە سەر ماڵی «کەیوان ڕەسووڵیئازەر» بە دوو ماشین، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کرد و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێیان گواستەوە. ناوبراو پاش نزیکەی مانگێک دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
«کەیوان ڕەسووڵیئازەر»، تەمەن ٤٣ ساڵ، خێزاندار و خاوەنی منداڵە و لە بواری وێنەگریی سروشتدا چالاکی دەکات.





