ڕۆژی چوارشەممە ۱ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، «یووسف ڕەحیمی»، هاووڵاتیی خەڵکی بانه و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی «هاژە»، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نەزانراو گوازراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «یووسف ڕەحیمی» کە ساڵانێکە پێشینەی چالاکی لە بوارەکانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی هەبووە و فێرکاریی زمانی دایک یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی بووە، بەیانیی ئەمڕۆ لە بەردەم دەرگای ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی لەبەر دەستدا نییە.

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی «هاژە» یەکێک لە ڕێکخراوە مەدەنی و فەرهەنگییە چالاکەکانی شاری بانه لە پارێزگای سنەیە، کە لە بوارەکانی فێرکاریی زمان و ئەدەبی کوردی، بەڕێوەبردنی کۆڕەشێعر، کۆبوونەوە ئەدەبییەکان و ڕەخنە و پێداچوونەوەی پەڕتووک و هەروەها چالاکی و هەڵوێستە مەدەنییەکاندا چالاکی دەکات. بەرپەسیارێتیی ئەم ئەنجومەنە لەسەر شانی «یووسف ڕەحیمی»، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی خەڵکی بانەیە.

لە هەمان پەیوەندیدا، بەیانیی چوارشەممە ۱ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، «ئازاد ڕەحمەتی»، هاووڵاتیی خەڵکی بانه و چالاکی ژینگەپارێزیش، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.