ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، پسپۆڕانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی، داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد کە کۆتایی بە بەکارهێنانی هێزی کوشندە لە دژی کۆڵبەرانی کورد و سووتەمەنیبەرانی بەلووچ بهێنن و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێلایەنانە سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی کردەوەی هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن. پسپۆڕان جەختیان لەوە کردەوە کە کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران لەو توێژانەن کە بەشێوەی بەرچاو لە ئابووری بێبەش کراون کە بەهۆی نەبوونی ڕێگەی دیکە بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکانیان، ڕوویان لە گواستنەوەی کەلوپەل و سووتەمەنی لە ناوچە سنوورییەکان کردووە و «نابێت باجی هەژارییەکەیان بە گیانیان بدەن».
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە لانیکەم ١٢ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران یان سپای پاسداران کوژراون و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دە کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزەکانی سنوورپارێزی گیانیان لەدەست داوە. پسپۆڕان ئاماژەیان بە دوو کەس کردووە، لەوانە «مادح کرمانی»، تەمەن ٤٤ ساڵ، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان لەکاتێکدا هیچ شتێکی پێنەبووە تەقەی لێکراوە و تەرمەکەی لە شوێنی ڕووداوەکە براوەتە دەرەوە، و «میلاد تەبد»، تەمەن ٢٨ ساڵ، کە دوای تەقەکردن لە سەری بۆ ماوەی چەندین مانگ لە چاودێریی چڕدا بووە و لە کۆتاییدا بەهۆی نەبوونی توانای دارایی خێزانەکەی بۆ دانی تێچووی چارەسەریی پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ ماڵەوە. جەختیان کردەوە تەنانەت گواستنەوەی کەلوپەل بەپێچەوانەی یاساکانی گومرکیش هەڕەشە لەسەر گیانی مرۆڤ دروست ناکات و ناتوانێت پاساو بۆ بەکارهێنانی چەکی گەرم بهێنێتەوە.
پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها داوای کۆتاییهێنان بەم شێوازە لە کوشتار و دەستەبەرکردنی مافی ژیان، ڕاستی، لێپرسینەوە و قەرەبووکردنەوەیان بۆ بنەماڵەی قوربانییان کرد. ئەوان جەختیان کردەوە کە هەر ڕووداوێکی گیانلەدەستدان، کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەند بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بەپەلە، سەربەخۆ و بێلایەنانە دەکات و کۆمەڵگە سنوورییەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە ڕێگەی بژێوییەوە سوودمند بن کە نەیانخاتە بەر تەقەکردن و مرگ.
ڕاگەیەندراوی ڕۆژنامەوانیی پسپۆڕانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لێرەدا بخوێنەوە.





