٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ بە تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «پژمان ئەمانی»، لاوی خەڵکی سەقز، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. هەروەها مۆبایلی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «پژمان ئەمانی»، لاوی ١٨ ساڵەی خەڵکی سەقز و کوڕی «ئیبراهیم»، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکانیان، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. هەروەها لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، مۆبایلی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی، لەوانە باوک، دایک و براکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و زەوت کراوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.