یەکی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ ئێوارەی سێشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٥، ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڤیدیۆیەکی یەک خولەک و ٤١ چرکەییان لە دانپێدانانی زۆرەملێی «ئارژین جوندی»، مێرمنداڵی ١٦ ساڵانی دەستبەسەرکراو لە پیرانشار بڵاو کردەوە، لە حاڵێکدا کە دەموچاوی لەم ڤیدیۆیەدا تەڵخ کراوە. ئەم ڤیدیۆیە تەنیا ١٢ ڕۆژ دوای دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ئەم مێرمنداڵە بڵاو کراوەتەوە؛ لە کاتێکدا لەم ماوەیەدا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نەبوو و ناوبراو لە مافی هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. لەم ڤیدیۆیەدا، ئەم مێرمنداڵە بە «بکەری کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران» ناسێندراوە و بڵاوبوونەوەی، نیگەرانیی جیدیی لەسەر سێناریۆسازیی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا دژی ئەم مێرمنداڵە بە مەبەستی دەرکردنی سزای سێدارە بۆی زۆرتر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا و مەئموورانی دادوەرییەکانی دادگوستەریی شاری پیرانشار، ئەم مێرمنداڵەیان بۆ گوندی «کەوپەڕ» گواستووەتەوە و ناچاریان کردووە دووبارە بازسازیی دیمەنی کوژرانی ئەندامەکەی سپای پاسداران بکات.

لە کاتێکدا لە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێدا ئیدعا دەکرێت ئەم مێرمنداڵە «فریودراوە» و ناچاری دەکەن بڵێت «ئەگەر کارێک کە لێی داوا کراوە ئەنجام بدات، پارەیەکی زۆر بە خۆی و دایکی دەدەن تا ڕێگای ئورووپا بگرنە بەر»، بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، «ئارژین جوندی» لە منداڵیدا باوکی لەدەست داوە و لەلای مامی گەورە بووە. هەروەها دایکی ساڵانێکە هاوسەرگیریی کردووەتەوە و خاوەنی ژیان و بنەماڵەیەکی سەربەخۆ و منداڵێکی دیکەیە لە شوێنێکی دیکە و ئارژین لەلای دایکی گەورە نەبووە. 

«ئارژین جوندی»، مێرمنداڵی ١٦ ساڵەی خەڵکی گوندی «کەوپەڕ»ی سەر بە پیرانشار، ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵیان، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

«ئارژین جوندی» تەنیا خاوەنی خوێندنی سەرەتاییە و نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات و سیستەمی پەروەردە و فێرکردنیش بۆ درێژەدانی خوێندنی هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە.

ئێوارەی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، «ئیسلام کاک‌ دەروێشی»، لە ئەندامانی سپای پاسداران، لە گوندی «کەوپەڕ»ی پیرانشار کوژرا. دوای کوژرانی ئەم ئەندامەی سپای پاسداران، ئەندامانی بنەماڵە و هێزەکانی سپای پاسداران ماڵی بنەماڵەی مامی ئارژین جوندییان ڕووخاند و ئیدعایان کرد کە ئەم مێرمنداڵە دەستێکی لە کوژرانی ئەودا هەبووە. چەند کاتژمێر دوای کوژرانی ئەم ئەندامەی سپا، گرووپێک بە ناوی «خۆری هیوا» بەرپرسایەتیی کوشتنی ئەویان گرتە ئەستۆ.

هاوكات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەم مێرمنداڵە، ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە دەسبەسەرکردنی «بکوژ»ی ئەم ئەندامەی سپا لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاوە زانیارییان دا، بەڵام هیچ ئاماژەیەکیان بە ناسنامەی کەسی دەسبەسەرکراو نەکرد.

ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم مێرمنداڵە ١٦ ساڵەیە، سەرەتا لە بەشی هەواڵی دەنگوڕەنگی پارێزگای ورمێ بڵاو کرایەوە. شاری پیرانشار سەر بە پارێزگای ورمێیە.

کوردپا بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە مێرمنداڵێکی ١٦ ساڵە بە پێشێلکاریی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی دەزانێت. بێبەشبوونی «ئارژین جوندی» لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و ڕاگرتنی لە شوێنێکی نادیاردا، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ تەنیا ١٢ ڕۆژ دوای دەسبەسەرکران، نیگەرانیی جیددیی لەسەر گوشار خستنەسەر، ئەشکەنجە و ئەگەری بەکارهێنانی ئەشکەنجەی سەخت بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەم مێرمنداڵە زۆرتر دەکات. بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، منداڵان نابی ناچار بە دانپێدانان یان ئیقرار دژی خۆیان بکرێن و دانپێدانانی بەدەستهاتوو لە ئەشکەنجە و هەڕەشە نابێ ببێتە بنەمای ڕاگەیاندن و بەدواداچوونی دادوەری.