٣١ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥٧ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «نیما ڕەسووڵزادە»، لاوی خەڵکی میاندواو و گواستنەوەی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ، هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاوڵاتییە کوردە لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: بنەماڵەی نیما ڕەسووڵزادە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان چەندین جار سەردانی دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان لەمباریەوە وەرنەگرتووە.

ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «نیما ڕەسووڵزادە»، لاوی خەڵکی گوندی «گامێش‌گۆلی»ی میاندواو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گواسترایەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاوڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

گوندی «گامێش‌گۆلی» لە دابەشکارییە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەر بە شاری میاندواو ئەژمار دەکرێت؛ بەڵام لە ڕابردوودا ئەم گوندە سەر بە بۆکان ئەژمار کراوە و دانیشتووانیشی سەر بە شاری بۆکانی دەزانن و لەو بڕوایەدان ئەم گۆڕانکارییە لە دابەشکاریی وڵاتدا بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.