٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی (حەفت کەشان)ی نۆدشەی سەر بە پاوە لە پارێزگای کرماشان لە سنووری نێوان هەجیج و نۆدشە، دوای ١١ کاتژمێر تێکۆشان لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزی ئەنجومەنی «ژیوای پاوە»، ئەنجومەنی «ویر»ی نۆدشە و ئیدارەی ژینگەی پاوە کۆنتڕۆڵ کرا.
ئەنجومەنی ژیوای پاوە لەمبارەیەوە نووسیویەتی؛ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی حەفت کەشانی نۆدشە شەوی ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥، دوای نزیکەی ١١ کاتژمێر تێکۆشانی بەردەوامی ئەندامانی ئەنجومەنی «ژیوای پاوە»، ئەنجومەنی «ویر»ی نۆدشە و ئیدارەی ژینگەی پاوە کۆنتڕۆڵ کرا و کوژایەوە. بەڵام جەختی کردووەتەوە بەپێی بەرز و نزمی و لێژیی زۆری ناوچەکە، هێشتا ئەگەری کەوتنەخوارەوەی کۆتەدارە نیوەسووتاوەکان و لە دواییدا گەشەسەندنی دووبارەی ئاگرەکە هەیە و بارودۆخی ناوچەکە پێویستی بە چاودێری و بەدواداچوون هەیە.
ئەم ئەنجومەنە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو تیمی کردەییی ئەنجومەنی ژیوای پاوە لە دوو قۆناغدا ڕەوانە کران و لەگەڵ هێزەکانی سەر بە چالاکانی دیکەی ژینگەپارێز بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی بۆ ناوچە دارستانییەکانی دیکە تێکۆشان.
ناوچەی شاخاوی و سەوزایی «حەفت کەشان» لە نزیک شاری نۆدشە و نەوسوودی سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان و لەنێو جاددە شاخاوییەکانی هەوراماندایە. ئەم ناوچەیە بەهۆی پۆششی دەوڵەمەندی ڕووەکی، دارستانە چڕەکانی بەڕوو، قەزوان (وەن) و درەختەکانی میوە، و هەروەها کانییە ڕوونەکان و ڕووبارە خڕۆشانەکان لەنێو بەرزاییەکانی زاگرۆسدا ناسراوە. جاددەی شاخاوی و پێچاوپێچی حەفت کەشان، نۆدشە بە ئاوایی زیارەتی و گەشتیاریی هەجیج دەبەستێتەوە و جگە لە دیمەنە سروشتییە بێوێنەکانی، بەهۆی مێژووی کۆن و ئامادەیی لە ئەفسانە ناوخۆییەکانی هەوراماندا وەک یەکێک لە ڕێڕەوە دێرینەکانی ناوچەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.





