حەفتەی یەکەمی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

کوردستـــــــــــان

کوژرانی ٢ ژن و کچێکی منداڵ لە ماوەی حەفتەیەکدا

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دایک و کچیک لە شاری سەقز و هەروەها ژنێکی دیکە لە شاری سەردەشت بە شێوەیەکی دڵتەزێن کوژران.
رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ ژنێک بەناوی فەرەح قەیسەری خەڵکی گوندی "مەڕان"ی ناوچەی دیواندەرە و دانیشتووی شاری سەقز، لەگەل کچە تەمەن ٣ ساڵەکەی خۆی بە سەربڕاوی دۆزرانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو: ئەو ژنەبە بڕی ٤٠ میلیۆن تمەن زێر و تەڵای پێوە بووە کە لەلایەن بکوژەکانەوە دزراوە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ژنێک بەناوی "زوهرە شێرزاد" و خەڵکی شاری بۆکان پاش ئەوەی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوە بەمەبەستی رفاندنی کەلوپەلەکانی هێرشی کرایە سەر، تووشی خوێڕێژیی مێشک هاتبوو کە بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دابوو.

لەلایەکی دیکەوە و لە حەفتەی رابردوودا کچێکی بەناوی "دیدار حوسێنی" کە ماوەی حەفتەیەک بوو ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، پاش ئەوەی لەلایەن بنەماڵەی هاوسەرەکەیەوە بەرەوڕووی لێدان و توند و تیژی ببوویەوە، گیانی لەدەست دا.

ئەو کچە کە ماوەی حەفتەیەک بوو لەگەڵ کەسێک بەناوی "یوسف محەممەدی" خەڵکی شاری سەردەشت ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، لەلایەن هاوسەر و بنەماڵەی هاوسەرەکەیەوە درابوویە بەر لێدان و لە ئەنجامدا ببووە هۆی گیان لەدەست دانی.

پاش ئەوەی پزیشکی دادوەری راگەیاندبوو، ئەو کچە بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست داوە، هاوسەرەکەی خۆی شاردۆتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، ٥ حاڵەت کوژرانی ژنانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تۆمار کراوە کە ٣ حاڵەتیان بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان گیانیان لێ ئەستێندراوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئامری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
بەردەوامیی خۆکوشتنی ژنان و کچانی کورد

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا کچێک لە شاری ئیلام کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە پیرانشار کە ماوەی یەک مانگ پێش ئێستا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەست دا.

چەند رۆژ پێش ئێستا کچێک بەناوی "رۆیا نەورۆزی" کچی رەزا و دانێشتووی شاری ئیلام بەهۆی سەختی باری ژیان و دەستکورتیی بنەماڵەییە دەستی دابوویە خۆکوژی و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

هەروەها کچێکی تەمەن ١٠ ساڵ بەناوی "سەفوورا سەعیدە" کە مانگێک پێش ئێستا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاندبوو، سەفوورا بەهۆی فشاری بنەماڵە و مامۆستاکانی مەدرسەی سەبارەت بە فێربوونی باشتری وانەکان، نەوتی بەخۆیدا کردووە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

بەپێی ئاماری تۆامار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٣ حاڵەتی هەوڵی خۆکوژیی ژنانی کورد لە ناوچە کورد تۆمار کراوە کە ١٢ حاڵەتیان مردنی ژنانی لێکەوتۆتەوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئامری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کەدەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

ئێــــــــــــــــــران

ئاستەنگی زیاتر بۆ کچە خوێندکارانی زانکۆی تاران و ئیسفەهان

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبونەتەوە، زانکۆی تاران لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا هیچ کچە خوێندکارێک لە رشتەی "مطالعات زنان"دا وەر ناگرێت، ئەمەش دوای زانکۆی عەلامە تەباتەبایی بە دووەمین زانکۆ دادەنرێت کە ئەو رشتەیەی خوێندنی تێدا لاببرێت.

ئەو رشتەیە بە بڕیاری شۆرای عالی ئیقلابی فەرهەنگی بۆ رشتەی "مطالعات خانوادە و علوم فرهنگی اسلام" گۆڕدرا و شۆرای ناوبراو هۆکاری ئەو گۆڕانەشی دژایەتی رشتەی "مطالعات زنان" لەگەڵ یاساکانی ئیسلام راگەیاندبوو.

لەلایەکی دیکەوە، زانکۆی ئیسفەهان لە سالی ١٣٩٢دا لە وەرگرتنی خوێندکارانی کچ لە قۆناخی کارناسیی باڵا لە رشتەی ئەندازیاری وەرزێڕی خۆ دەبوێرێت.

ئەم هەڵویستەی بەرپرسانی زانکۆی سەنعەتیی ئیسفەهان ناڕەزایەتیی کچە خوێندکارانی ئەو زانکۆیەی بە دواوە بووە و سەرجەمیان لە نامەیەکدا کە بۆ بەرپرسانی زانکۆی سەنعەتیی ئیسفەهانیان ناردووە، خوازیاری هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە بوون.
بارودۆخی ژنان و چالاکانی ژن لە زیندانەکانی ئێران

لە بەرەبەری یازدەیەمین دەوری هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران، فشار بۆسەر ژنانی زیندانی رووی لە زیادبوون کردووە و لەو پەیوەندییەدا چەندین ژن کەلە مەرەخەسیدا بوون بانگهێشتی زیندان کراونەتەوە.

"ئەکرەم ئەلسادات سەنجەری" پاش ٣ مانگ زیندانی، بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندانی سالی ١٣٩١هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی "میلاد یەزدان پەنا" لە شاری تاران لەلایەن هیزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کران.

لەماوەی رۆژانی رابردوودا شیوا نەزەر ئاهاری، بەهار هیدایەت و ژیلا کەرەم‌زادە کە بەدانانی بارمتە مەرەخەسییان پێ‌درابوو، بانگهێشتی زیندانەکان کراونەتەوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا شیوا نەزەر ئاهاری کە رۆژی ١١ی بانەمەڕ بە دانانی بارمتە مەرەخەسیی پێ‌درابوو، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣٠ بانەمەڕ خۆی بە زیندانی ئێڤین ناساندەوە.

لەلایەکی دیکەوە و هەر لەو رۆژەدا ژیلا کەرەم‌زادە، یەکێک لە دایکانی پارکی لالەی تاران، کە حەفتەیەک پێش ئێستا مەرەخەسی پێ‌درابوو، رەوانەی زیندانی ئێڤین کرایەوە.

ناوبراو لە رێکەوتی ١٩ی رێبەندانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵی خۆیدا لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوو، دواتر دادگای ئینقلابی شاری تاران حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ ناوبراو بڕییەوە.

دادگای پێداچوونەوە ئەو حوکمەی بۆ ٢ ساڵم زیندانی تەعزیری و ٢ ساڵ حوکمی هەڵپەسێراو کەم کردەوە و لە رێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ هەتاویدا ئحوکمەکەی چووە قۆناخی جێبەجێ کردنەوە.

لەلایەکی دیکەوە "کفایەت محەممەدی" کە بەهۆی نەخۆشییەوە مەرەخەسی پێ‌درابوو، لە کاتێکیشدا باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیر بوو، رەوانەی زیندان کرایەوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردان یەکێک لە ژنە زیندانیانی زیندانی "قرچەکی وەرامین" لە سێدارە درا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاوبوونەتەوە، "گیتی مەرامی" تەمەن ٣٤ ساڵ کە خاوەن کچێکی منداڵیش بووە، پێش لە بەڕێوەچوونی حوکمەکەی ١٠٠ قامچی لێ درابوو، ئەو ژنە لە کاتێکدا لەشی خەڵتانی خوێن کرابوو، لە سێدارە درا.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێرانا
ماڵپەڕی دانشجوو نیووز
ماڵپەڕی ئێران خەبەر
ماڵپەڕی پەیام