بەرموور: حەفتەی چوارەمی مانگی بانەمەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.
لە راپۆرتی ئەم حەفتەیەدا، بەردەوامیی خۆسووتاندنی ژنانی کورد و چوونەسەرێی ٦٧%ی خۆکوشتنی ژنانی کورد لە ٢ مانگی رابردوودا بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ١٣٩١، بەردەوامیی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆسەر چالاکانی ژن و بانگهێشتی "ئازەر تاهیرئابادی"، سێیەمین دانیشتنی دادگایی کردنی "نەوا و نیکا خولووسی" و هەروەها ئازادی کرانی "روفیا بیدیقی" پاش تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان، دەخرێتەروو.
کوردستـــــــــــــــان
چوونەسەرێی رێژەی خۆکوشتن لە نێوان ژنانی کورد

لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا رێژەی ئەو ژن و کچانەی کە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەوڵی خۆکوژییان داوە بە بەراورد لەگەڵ ٢ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی نزیک بە ٢ بەرابەر رووی لە زیادبوون کردووە.
لە ماوەی رۆژانی حەفتەی رابردوودا کچێک لە شاری نەغەدە و ژنێکی دیکە لە شاری مەریوان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا ١١ حاڵەتی هەوڵی خۆکوژیی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تۆمار کراوە کە ١٠ حاڵەتیان مردنی ژنانی لێکەوتۆتەوە.
بەم پێیە ئاماری خۆکوشتنی ژنانی کورد لە ماوەی مانگەکانی خاکەلێوە و بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ بەبەراورد لەگەڵ ٢ مانگی خاکەلێوە و بانەمەڕی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی کە ٦ حاڵەتی خۆکوشتن رووی دابوو، ٦٧% رووی لە زیاد بوون کردووە.
ئەم ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بیت.
لە درێژەی رەوتی خۆکووژیی ژنانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، سەرلە ئێوارێی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ کچێک بەناوی "ناهید مەغفرەت" (قەڵاتی) تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی نەغەدە، خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاندبوو: ناهید بەهۆی ئەوە کە بنەماڵەکەی رێگرییان لە شوو کردنی ناوبراو بە کوڕی دڵخوازی خۆی کردووە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ و قوتابیی پۆلی ٥ی سەرەتایی لە شاری ورمێ بەمەبەستی گوشار خستنەسەر باوکی خۆی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
کارناسان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی "هەژاری، کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکانیان وەک سەرەکیترین هۆکاری دابەزینی تەمەنی خۆکوژی هاووڵاتییانیان لە قەڵەم داوە.
هەروەها لە ماوەی حەفتەی رابردووداقوتابییەکی تەمەن ١٥ساڵ لە ئیلام هەوڵی خۆکوژی دابوو کە هەتا ئیستا لە بێهۆشیدا ماوەتەوە و لە نەخۆشخانەی ئیلام لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ ژنێک بەناوی " شەرمین" تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "ولە ژێر"ی سەربە شاری مەریوان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پاش ٢ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاندووە: ئەو ژنە چەند رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی بەکێشە هاتبوو کە بەو هۆیەوە رووی لە ماڵی براکانی کردبوو کە لەلایەن براکانی خۆشییەوە بەرەوڕووی توندوتیژی و لێدان ببوویەوە کە لە ئەنجامدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.
توێژەرانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ژنان خۆسووتاندن بە یەکێک لە رێگەکانی تۆڵە ئەستاندنەوە و ئازار دانی ئەو کەسانەی کە توندوتیژییان بەرامبەر نواندوون، دەزانن. بۆیە لە کاتێکدا کە بەرەوڕووی توندوتیژی جەستەیی و جینسی دەبنەوە، زیاتر پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبەن، بەو هۆیەوە خۆسووتاندن وەک باوترین شێوەی خۆکوشتنی ژنان بەرچاو دەکەوێت.
بانگهێشتی ئازەر تاهیر ئابادی بۆ ئیدارەی پۆلیس و ئەمنیەتی کرماشان

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ، ئازەر تاهیرئابادی کچە رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری کەنگاوەری سەربە ئوستانی کرماشان لەلایەن ئیدارەی پۆلیسی ئەمنیەتی ئەو ئوستانەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئاگادار کرایەوە کە خۆی بەو ئیدارەیە بناسێنێت.
ئەو هاوکارەی حەفتەنامەی "غەرب" پاش ٢ کاتژمێر لە باگهێشت کران، خۆی بەو ئیدارەیە ناساندبوو کە بۆ ماوەی نزیک بە ١٠ کاتژمێر لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە لێپرسینەوەی لێکرابوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو کچە رۆژنامەنووسە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران و هەروەها لەمەڕ بەشداری کردنی خۆی لەو هەڵبژاردنانەدا پرسیاری لێکراوە.
"ئازەر تاهیرئابادی" هاوکاری حەفتەنامەی "غەرب" و ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان" لە کۆتایی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردووشدا، لەلایەن دەفتەری پەیگیریی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری تارانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.
ئەو ئەندامەی "سرای اهل قلم"ی ئێران لە ١٠ی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا، هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو.
ئێران
بارودۆخی چالاکان و زیندانییانی ژن لە زیندانەکانی ئێراندا

لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا، یەکێکی دیکە لە ژنە بەهاییە زیندانی کراوەکانی زیندانی سیمنان لە زیندان ئازاد کرا و هەروەها سێیەمین دانیشتنی دادگایی کرانی ٢ خوشکی بەهایی لە مەشهەد بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبوونەتەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ، سێیەمین دانیشتنی دادگایی کردنی "نیکا و نەوا خولووسی" ٢ خوشکی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی شاری مەشهەد بە سەرۆکایەتی قازی "سوڵاتانی" بەڕێوەچوو.
تاوانی ئەو ٢ ژنە بەهاییە "ئەندامەتی لە گروپ و رێکخراوی نایاسایی مەزهەبی بەهایی" و" تەبلیغ بۆ مەزهەبی بەهایی و بە دژی نیزامی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" راگەیەندراوە.
نیکا و نەوا خولووسی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی رەزبەری سالی ١٣٩١ی هەتاوی دەستبەسەر کران و ٥٧ رۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد و ١٢٨ رۆژ لە زیندانی وەکیل ئابادی ئەو شارە لە دەستبەسەریدا بوون.
ئەو ٢ خوشکە لە رێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە ئەمساڵدا بە دانانی سەرجەم ٦٤٠ میلیۆن تمەن بارمتە بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، "رۆفیا بیدقی" هاووڵاتیی بەهایی و دانیشتووی سیمنان پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەو ژنە تەمەن ٢٧ ساڵەیە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان سیمنانەوە دەستبەسەر و دواتر لە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا بەدانانی بارمتەی ٧٩ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
رۆفیا بیدقی دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سیمنانەوە بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا، ناوبراو دواتریش لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١دا بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی رەوانەی زیدانی ژنانی شاری سیمنان کرا.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی مافی مرۆڤ "هێرانا"
مالپەڕی دانشجو نیوز





