ئاژانسی کوردپا: ٥ هاووڵاتیی کورد لە ئوستانی مازندەرانی باکووری ئێران بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ ٥ هاووڵاتیی کورد لە شاری "ساری"ی سەربە ئوستانی مازندەران بەبێ هیچ هۆکارێکی روون، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا ٣ کەسیان کوژراون و ٢ کەسی دیکەشیان بەتوندی بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: یەکێک لەو هاووڵاتییانە ناوی "عەبدوڵڵا مەعرووفی" و خەڵکی شاری سەقز بووە و شەوی سێشەممە لە شاری سەقز ئەسپەردەی خاک کراوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە بەبێ هیچ هۆکارێکی روون لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و پاوە نەزانراوە.
هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ بانەمەڕ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نێوان جادەی ساوە _ تاران، تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کوردی خەڵكی شاری پاوە بەناوی "نەبی عەبدوڵڵاهی" کردبوو کەلە ئەنجامدا ببوە هۆی گیان لەدەست دانی.
هەر لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا ٢ دیکە بەناوەکانی "ساڵح ساڵحیفەڕ" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی گوندی "سەركڕان" و مەهدی عەبدوڵڵاهی خەڵكی گوندی "بانەوەڕ" بە توندی بریندار بوون.





