راپۆرتی نیوەی یەکەمی مانگی بانەمەڕ
راپۆرتی حەفتانەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر ٢ حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی هاووڵاتیانی کورد بڵاو دەکاتەوە.

دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی کورد لە مەریوان

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ "هاووڵاتییەکی مەریوانی بەناوی " باقی جاوید" تەمەن ٣١ ساڵ، کوڕی کەریم لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە راگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: باقی جاوید خەڵکی گوندی "چاولکانی حاجی"ی سەربە شاری مەریوان و دانیشتووی ئەو شارە و کارمەندی ئیدارەی ئاگر کوژێنەوە بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە هێزە ئیتلاعاتییەکان ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پشکنیوە و هێندێک کەرەسەی شەخسیی ناوبراویشیان زەوت کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی "باقی جاوێد "، هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کرانی ناوبراویان رانەگەیاندووە.

دەستبەسەر کرانی ٤ هاووڵاتیی کورد لە سەوڵاوا

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٤ هاووڵاتی کوردیان لە ناوچەی "شامیان"ی سەربە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دەگاگا"ی ناوچەی شامیانی سەربە شاری سەوڵاوا، بەناوەکانی "رۆحوڵڵا حەیدەری، ئاوات حەیدەری، کاروان حەیدەری و ئەحمەد حەبیبی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای بێ‌حورمەتی کردنی بە دانیشتوانی گوندی دەگاگا، ماڵی هاووڵاتییانی ئەو گوندەشیان بە وردی پشکنیوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی دەگاگا، لەبەر دەستدا نییە.

٨ هاووڵاتیی کورد لە روانسەر و سنە دەستبەسەر کران

لە رۆژانی رابردوودا ٨ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی روانسەر و سنە لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی بانەمەڕ ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری روانسەر بەهۆیەکی ناڕوون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

ناوی ئەو دەستبەسەر کراوانەی شاری روانسەر "عادڵ مورادی" تەمەن ٢٧ ساڵ و کوڕی ئەسەد، ئیدریس کەریمی تەمەن ٣٧ ساڵ و کوڕی مەحموود و "نەعمان مەنووچێهری" راگەیەندراوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی بانەمەڕ ٥ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

ناوی ٤ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە "فه‌ردین قادری، ئارام زه‌ندی، شاپوور حوسێنی‌و جه‌لیل محه‌ممه‌دی راگەیەندراوە و دەگوترێ ئەو ٤ کەسە لە چالاکانی کرێکاریی شاری سنە بوون.

یەکێک لە دەستبەسەر کراوەکان شۆفیر تاکسیی هەڵگری ئەو ٤ کەسە بووە کە دواتر لکەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئازاد کراوە و هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیران و ئەو ٧ کەسەی دیکە نەزانراوە.
هاووڵاتییەکی سەقزی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی سەقزی کە بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەێ حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا "سۆران کەسنەزانی" کە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ١ ساڵ زیندنای تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا و هەنووکە لەو زیندانە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هاوینی ساڵی ١٣٩٠ بۆ ماوەی ٢ مانگ لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە دەستبەسەری دابوو و دواتر بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو پاش ماوەیەک لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کووردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئسلامیی ئێران، بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

کەسێکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: "سۆران کەسنەزانی پاش ئەوەی کە لەلایەن دادگای ئەو شارەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە، ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە ناڕەزایەتی بەو حوکمە دەربڕی، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەداوەتەوە".

نووسەرێکی مەهابادی سەرلە نوێ رەوانەی زیندان کرایەوە

نووسەر و شاعیرێکی خەڵکی شاری مەهاباد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد گەرێندرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەعقووب خزری چالاکی فەرهەنگی و خوێندکاری کە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی هاورێ لەگەڵ چەند لە رۆژنامەنووسان و چالاکانی خوێندکاریی شاری مەهاباد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ١ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری، رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد کرایەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە مانگی سەرماوەزی ساڵی رابردوو بە تاوانی "پێکهێنانی کۆبوونەوە بەدژی نیزام و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە ٣ ساڵ و نیو زیندان مەحکوم کرا کە ٢ ساڵ لە حوکمەکەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ بە شێوەی هەڵپەسێراو بوو.

یەعقووب خزری کە خوێندکاری کارناسیی باڵا و یەکەێک لە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری مەهاباد و هەروەها مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی شاری مەهاباد بوو، بەبڕیاری راستەوخۆی لێژنەی "پێڕاگەیشتن بە تاوانە ئیدارییەکان" لەسەر کار دەرکرا.

ئەو وێبلاگنووسە کوردە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ "ئومید قادری ئەقدەم و جەماڵ قادر نژاد" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابدەوە دەستبسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٨٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

٢ چالاکی مەدەنیی کورد لە شاری سنە دادگایی کران

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، سیروان حوسێن پەناهی و شیرزاد عوسێن پەناهی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە دادگایی کران.

ئەو ٢ چالاکە کوردە بەبێ ئامادە بوونی پارێزەر و بە تاوانی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام دادگایی کراون.

پێرانەگەیشتنی پزیشکی بە دۆخی زیندانیانی سیاسی

عەلی ئازادی یەکێک لە کرێکارانی دەستبەسەر کراو کە هەنووکە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە دەستبەسەری دایە، لە دەوا و دەرمان و چارەسەریی پزیشکی بێبەرییە.

ئەو چالاکە کرێکارییە و ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کریکارییەکانکە ماوەی نزیک بە ٥٠ رۆژە بە تاوانی ناروون لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە دەستبەسەری دایە.

عەلی ئازادی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هاوسەرەکی خۆی راگەیاندووە، کە بە وردی لێکۆڵینەوەی لێکراوە و دەستبەسەر کردنەکەی خۆی بە نایاسایی لە قەڵەم داوە.