ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ کەمپەینی پشتیوانی لە ژنانی رۆژهەڵات بەمەبەستی مەحکووم کردنی بڕیاری دادگای مەریوان و سووکایەتی کردن بە کەسایەتیی ژن لە قالبی کەسێکی تاوانباردا، بە بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانێکی برینیان لەشاری سلێمانی بەڕێوە برد.
خالید محەممەدزادە رۆژنامەنووس و یەکێک لە رێکخەرانی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: " ئێمە وەک کەمپەینی پشتیوانی لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە درێژەی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە پاش رووداوەکەی شاری مەریواندا هاتنە ئاراوە، بەبەشداری ئەندامان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان ئەم خۆپیشاندانەمان بەڕێوە برد.

محەمەدزادە باسی لەوەش کرد، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئێمە لە بەرپا کردنی ئەم خۆپیشاندانە گەیاندنی دەنگی مافویستی و ناڕەزایەتیی ژنان بە گوێی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەروەها هەڵوێست وەرگرتن و بە دەنگەوە هاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو سووکایەتییە کە دادگای شاری مەریوان لەهەمبەر ژنانی کورد نواندوویەتی.
لەو خۆپیشاندانەدا نوێنەری رێکخراوی CPT وتارێکی بەزمانی ئینگلیزی بۆ بەشدارانی ئەو خۆپیشاندانە خوێندەوە و ئەو بڕیارەی دادگای شاری مەریوانی مەحکووم کرد و داوای لە رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنیی هەرێمی کوردستان کرد کە ئاوێتەی ئەم خۆپیشاندانە ببن و پشتیوانیی خۆیان لە ژنانی رۆژهەڵات دەربڕن.
هەروەها ژنانی خۆپیشاندەر بە لەمل کردنی دەستماڵێکی سوور هاودەردی و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ ژنانی رۆژهەڵات، بەتایبەتی ژنانی شاری مەریوان دەربڕی و ئەو بڕیارەی دادگای شاری مەریوانیان شەرمەزار کرد.
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە هاووڵاتییەک بەناوی "توفیق خۆشنەواز" ناسراو بە "داباشی" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان و بە بڕیاری دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان جلوبەرگی ژنانەی لەبەر كرابوو و لە شەقامەکانی ئەو شارە پیشانی خەڵک درابوو.
ئەو خۆپیشاندانە پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ لە پاركی ئازادیی شاری سلێمانی بەمەبەستی پشتیوانی لە ژنانی راپەڕیوی مەریوان بەڕێوە چوو.












