ئاژانسی کوردپا: لە بازارچەی سنووریی "پەرویز خان"ی قەسری شیرین لە نێوان کرێکارانی ئەو بازاڕچەیە و هیزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا شەڕ و ئالۆزی هاتە ئاراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣ی بانەمەڕ لە ئەنجامی ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکاران بە نەبوونی خزمەتگوزاری، کەرەسەی ئیمەنی، جلوبەرگی تایبەت، شەڕ و ئالۆزی لە نێوان کرێکاران و هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لەو بازاڕچەیە روویدا.
"سابیر حەیدەری" بەرپرسی بازاڕچەی "پەرویزخان" لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ ئاژانسی کوردپا، کێشەکانی ئەو بازاڕچەیەی بۆ کەمیی کەمیی بۆدجە گەڕاندەوە و رایگەیاند: ئەو کێشانە بەمەبەستی تاووتوێ کردن و دۆزینەوەی رێگە چارە، رادەستی ئیدارەی بازرگانیی ئوستانی کرماشان کراون.
بازاڕچەی پەرویز خان لە نیوان سنووری ئوستانی کرماشان و هەرێمی کوردستان و بە مەودای ٥ کیلۆمیتر دوور لە شاری قەسری شیرین هەڵکەوتووە و ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی بەشێوەی فەرمی و یاسایی دەستی بەکار کردووە.





