ئاژانسی کوردپا: لە ٢ رووداوی هاتوچۆدا لە رێگەی جوانڕۆ بۆ روانسەر ، ٦ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست دا و ٤ هاووڵاتیی دیکەش بەتوندی بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، رۆژی هەینی ٣١ی خاکەلێوە لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی ماشێنکی جۆری سایپا لە گەردەنەی کڵاشی، ٤ کەسی خەڵکی گوندی "کڵاشی"ی سەربە شاری جوانڕۆ گیانیان لەدەست دا و ٣ کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کراون.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو ٣ هاووڵاتییە بریندارە هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ لە بەشی "ئایسییو" لەژێر چاوەدێری پزیشکی دان و بار و دۆخی تەندروستیان نالەبارە.
لەلایەکی دیکەوە ٢ رۆژ پێش ئێستا بە هۆی کەوتنە خوارەوەی ماشێنێکی پراید لە "شوێنێک بەناوی "ملە تایەر" ٢ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "میراوا"ی سەربە شاری جوانڕۆ گیانیان لەدەست داو و کەسیێکیشیان بەتوندی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کراوە.
هاتنە ئارای ئەم رووداوانە لە کاتێک دایە کە ساڵانە لەسەر رێگەی شاری جوانڕۆ بۆ روانسەر، بەهۆی ناستاندارد بوون و خراپیی رێگاوبان، نەبوونی هێما و پەرژین، دەیان کەس گیانیان لەدەست ئەدەن و هەتا ئێستا ش لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕیان لەم کێشەیە نەداوەتەوە.





