ئاژانسی کوردپا: ٣ ئەنجومەنی مەدەنی فەرهەنگیی شاری مەریوان بەنیشانەی ناڕەزایەتی بە بڕیاری بەرپرسانی دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەروەها سوکایەتی کردن بە کەسایەتیی ژن، راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.
لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا داوا لە هاووڵاتییانی شاری مەریوان کراوە کە هاودەنگ لەگەڵ ژنانی کورد بۆ بنبڕ کردنی ناعەداڵەتی و دەستەبەر بوونی مافی ئینسان دەنگ هەڵبڕین.
نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە کە لێرەدا وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە:
خەڵکی چاو نەترس و بوێری کوردستان
بێ دەنگی لە هەمبەر سووکایەتی کردن بە ژنان کە نیوەی کۆمەلگەی مرۆییە و خولقێنەری ئەو بەشەی دیکە کۆمەلگەیە، خەیانەت بە کۆمەڵگەی ئینسانییە.

کاتژمێر ٦ی سەرلە ئێوارێی رۆژی دووشەممە رێکەوەتی ٢٦ی خاکەلێوە، بڕیاری دادوەری گشتیی شاری مەریوان سەبارەت بە سزادانی کەسێک لەو شارە و لەبەر چاوی خەڵک بەڕێوە چوو. کە گۆیا کەسێک بەناوی " ت. م. د " لەگەڵ بنەماڵەیەک بە کێشە هاتووە و قازی و دادوەری شاری مەریوان بۆ تەمێ کردنی ئەو کەسە، ناوبراویان بە جلوبەرگی کوردیی ژنانەی سوورەوە لە شەقامەکانی ئەو شارە پیشانی خەڵک داوە. لە روانگەی ئێمەوە کەسی تاوانبار پێویستە بەشێوەی ئینسانی و بەپێی یاساکانی مافی مرۆڤ سزا بدرێت، بەڵام لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردیی ژنان بۆ پیاوانی تاوانبار و پیشاندان بە خەڵک لە شەقام و شوێنە گشتییەکان، تەنیا سووکایەتی کردن بە ژن و پێگەی ژنی کوردە، بۆیە ئەم هەڵسووکەوتەی دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران توڕەیی و نیگەرانیی خەڵکی بوێر و چاونەترسی کوردستان بەتایبەتی ژنانی لێکەوتەوە.
دەسەڵاتدارانی نیزام، رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سەرکۆمار، دەزگای قەزایی، شۆرای نیگابان و ......
لە فەرهەنگی لە مێژیینەی ئێمە کوردەکاندا لە ٢٧١٣ ساڵ پێش ئیستاوە ژنان پێگە و جێگەی تایبەتیی خۆیان هەبووە، لە هەموو شوێنێک رێزیان لێگیراوە و شانبەشانی پیاوان لە هەمبەر نایەکسانیدا راوەستاون. لە سەردەمێکداا کە گەلانی دیکە ژنەکانیان زیندە بەچاڵ دەکرد، ژن لە فەرهەنگی ئێمەدا رێبەر و فەرماندەر، خاوەن پێگەی شیاو و جێگەی رێز بوون. تەنانەت پاش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچە، هەتا ئێستاش تاکە رێبەرێکی ژن کە لە نێوان سەرجەم موسوڵمانانی جیهاندا بووە، ژنێک لە نەتەوەی کورد بەناوی " مرواری خاتوون " نەوەی سەلاحەدین بووە. بەڵام ئێوە بەوپەڕی بێڕێزی سووکایەتی کردنەوە پیرۆزی و گەورەیی ژن هاوتای کەسانی تاوانبار لە قەڵەم ئەدەن.
هەروەها لەماوەی ساڵانی رابردوودا زۆرێک لە ژنانی کورد لە هەمبەر زوڵم و جەوری کۆمەڵگەی پیاوساڵاردا دەنگی مافخوازییان هەڵبڕیوە و بە دەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون و ئەم دیاردەیەش بەردەوام لە دووپات بوونەوە دایە.
هاووڵاتیتانی مەریوانی کە پەیکەرەی شەرەف و بوێرتان زامدار کراوە، ئاوڕێک لە مێژووی پڕ لە شانازییەکانی خۆتان بدەنەوە و ئیزن مەدەن چیدیکە نەتەوەی ئێمە بەتایبەتی ژنانی کورد لەمە زیاتر سووکایەتییان پێ بکرێت، لە حکوومەتێکدا کە ژن بوون وەک تاوان سەیر بکرێت، لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردی سزای تاوانباران بێت، یاسا چ واتایەکی هەیە؟! بۆیە هاودەنگ لەگەڵ ژنانی کورد بۆ بنبڕ کردنی ناعەداڵەتی و دەستەبەر بوونی مافی ئینسان دەنگ هەڵبڕن.
ئەنجومەنی ژنانی مەریوان
خویندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان
ئەنجومەنی ئەدەبیی گوندی نێ
٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٢





