ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی مەزهەبیی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن بەرپرسانی زیندانی "قزل حەسار"ی شاری "کەرج"ـەوە بە توندی ئەشکەنجە کرا و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە بەرپرسی زیندانی قزل حەسار و هاوڕێ لەگەڵ بەرپرسی حیفازەتی ئەو زیندانە و سەرهەنگێکی سپای پاسداران بەناوی "ب ، عەلی‌زادە" هێرشیان کردۆتە سەر بەندی زیندانیانی مەزهەبیی خەڵکی کوردستان و بە توندترین شێوە ئەشکەنجەیان کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: لە ئەنجامی ئەشکەنجەی ئەو زیندانیانەدا، سەری زیندانییەکی مەزهەبیی خه‌ڵكى شاری جوانڕۆ به‌ناوى "سەدیق محه‌ممه‌ديان" شکێندراوە و بەتوندی بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، باری تەندروستی ئەو زیندانییە مەزهەبییە ناجێگیرە و سه‌رەڕای ئەوەش به‌رپرسه‌كانى زيندان ڕێگريان لە چارەسەریی برینەکانی کردووە.