ئاژانسی کوردپا: خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن داوەری دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە "قرار بازداشت"یان بۆ دەرکراوە و ئەو ٢ چالاکە کوردە ناڕەزایەتییان لەمەڕ ئەو بڕیارە دەربڕیوە.
کەماڵ حوسێنی هاوکاری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەشممە بازپورسی پەروەندەی "خوسرەو و مەسعوود کوردپوور" پێی راگەیاندین کە تاوانی ئەو ٢ رۆژنامەنووسە کوردە ئەمنیەتیە و تەنانەت بە دانانی بارمتەش ئازاد ناکرێن.
ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی باس کرد، کاتێک داوای چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەو ٢ برایە کرد، بازپورس پێی راگەیاندین کە ئێمە دەعوەتنامەمان بۆ نەناردوون و هەتا پەروەندەکەیان رادەستی دادستانی گشتی نەکرێت، هەموو جۆرە چاوپێکەوتنێکیان لێ قەدەغە کراوە.
کەماڵ حوسێنی ئاماژەی بەوەشدا کە پارێزەرەکانیش رایانگەیاندووە، بەهۆی ئەوەیکە ئەو ٢ چالاکە کوردە لە ناوەندە ئەمنیەکاندا راگیراون، ئێمە ئیزنی چوونە سەر پەروەندەکەیمان پێ نادرێت.
نابراو ئەوەشی خستەڕوو کە ئاگادار کراینەوە خوسرەو کوردپوور "مێعدە"ی بەسەختی تووشی ئازار هاتووە و بەوهۆیەوە خراوەتە ژێر چاوەدێری پزیشکییەوە.
رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەممە هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهاباد خوسرەو کوردپوو بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان"یان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتیان راگواستبوو.
٢ رۆژ دواتر کاتێک مەسعوود کوردپوور بەمەبەستی بەداواداچوونی پەروەندی خوسرەو کوردپوور سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادی کردبوو، دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.





